بە پێی ئەو زانیارییانەی بەردەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان کەوتووە، بەرزان محەمەدی، زیندانیی سیاسیی کورد کە دوابەدوای بەشداریکردن لە خۆپیشاندانە جەماوەرییەکانی ساڵی ١٣٩٧ی هەتاویدا لە شاری تاران دەستبەسەر کرابوو، دوای تێپەڕینی دوو ساڵ بە سەر بەندبوونیدا رۆژی ڕابردووە بۆ یەکەم جار مۆڵەتی مورەخەسیی پێ درا.

ئەم بەندکراوە سیاسییە له‌دایكبووی ١٣٥٦ی هه‌تاوی و خه‌ڵكی گوندی “گۆشخانی”ی سه‌ر بە شاری مەریوانی پارێزگای كوردستانە «سنه‌» کە له‌ ڕێكه‌وتی ١١ی پووشپه‌ڕی ١٣٩٧ و هاوکات لەگەڵ ناره‌زایه‌تییه‌ سه‌رانسه‌رییه‌كانی تاراندا ده‌ستبه‌سه‌ر كرا، ناوبراو به‌‌ تۆمه‌تی “هه‌وڵدان دژی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌یی” له‌ لقی١٥ی دادگای ئینقلابدا سه‌رۆكایه‌تیی “قازی سه‌ڵواتی”،‌ شه‌ش ساڵ زیندانی بۆ بڕایەوە كه دواتر له‌ ڕێكه‌وتی ٦ی مانگی گه‌لاوێژی ساڵی ١٣٩٧ له‌ دادگای پیاچوونه‌وه‌دا حوكمه‌كه‌ی كه‌م كرایه‌وه‌ بۆ سێ ساڵ و شه‌ش مانگ.

ئەم پشووە کاتییە لە حاڵێکدا بەم بەندکراوە سیاسییە دراوە کە بە وتەی پارێزەرەکەی حوکمی ئازادیی بەرزان لە ڕێکەوتی ٥ی خاکەلێوەوە لە بەشی ئیجرای ئەحکامی زینداندایە بەڵام دادوەری چاودێری بەندیخانە ئیجازەی جێبەجێبوونی حوکمەکەی نەداوە.

به‌رزان محە‌مه‌دی له‌ ڕێكه‌وتی ٢٣ی ڕه‌شه‌مه‌ی ١٣٩٨دا و بە مەبەستی دەربڕینی ناڕه‌زایه‌تی له‌ هەمبەر شێوه‌ی هه‌ڵسوكه‌وتی به‌رپرسان و هه‌روه‌ها ڕاگرتنی له‌ به‌ندیخانه‌ی فه‌شافوویه‌ی تاران و ئامادەنەبوونی به‌رپرسان بە گواستنه‌وه‌یان بۆ به‌ندیخانه‌ی ئێوین، له‌گه‌ڵ “عه‌لیڕه‌زا شیرموحه‌ممه‌دعەلی” دەستیان دایە مانگرتن له‌ خواردن. دوای دوو مانگ و لەسەر‌ داواكاریی ژماره‌یه‌ك له‌ چالاكانی مه‌ده‌نی و سیاسی و بنه‌ماڵه‌ی به‌ندكراوان و گیانبه‌ختكراوانی سیاسی، كۆتاییان به‌ مانگرتنه‌كه‌یان هێنا. بەڵام دواتر لە ڕووداوێکی دڵتەزێندا “عه‌لیڕه‌زا شیرموحه‌ممه‌دعەلی”، هاوبەند و هاوڕێی نزیکی بەرزان، بە دەستی دوو زیندانیی دیکە کوژرا و بەرزان وەک جیدیترین شایەتحاڵی ئەو ڕووداوە، دەورێکی گەورەی گێڕا لە دەرکەوتنی تاوان و خەتا ئەنقەستەکانی بەرپرسانی زیندان و دادگادا.