تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان
یارمەتی

به‌ندكراوان ورمێ

هیدایه‌ت عه‌بدوڵڵاپوور له‌ سێداره‌ دراوە

سەرچاوە: تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان — https://kurdistanhumanrights.org/ku/news-ku/prisoners-ku/2020/06/11/p22874

به‌ پێی زانیارییه‌كانی تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی كوردستان، ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ ٢١ی جۆزه‌ردان (١٠/٦/٢٠٢٠) بنه‌ماڵه‌ی هیدایه‌ت عه‌بدوڵڵاپوور، به‌ندكراوی سیاسیی كورد كه‌ سزای سێداره‌ی به سه‌ردا سه‌پابوو، له ‌لایه‌ن به‌شی “ئیجرای ئه‌حكامی دادگای ورمێ”وە بانگ كراون و پێیان ڕاگه‌یاندوون كه‌ كوڕه‌كه‌یان له ‌سێداره‌ دراوه‌. هەروەها زانیویانە کە ته‌رمه‌كه‌شی بێ ئاگاداربوونی ئەوان‌ له‌ شوێنێكی نادیاردا ناشتووه‌.
به‌ پێی‌ لێكۆڵینه‌وه‌كانی تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی كوردستان، لە ڕێكه‌وتی ٢٠ی مانگی گوڵاندا دوای ئه‌وه‌ی هیدایه‌ت عه‌بدوڵڵاپوور بانگ ده‌كرێته‌ بەشی پاسەوانیی به‌ندیخانه‌ و دواتر ده‌گوێزرێته‌وه‌ بۆ به‌ندی ئه‌من، به‌ره‌به‌یانی ڕۆژی ٢١ی گوڵان به‌ ئاماده‌بوونی بنه‌ماڵه‌ی ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامانی سپای پاسداران كه‌ له‌ شه‌ڕ و پێكدادانه‌كه‌ی گوندی قه‌ره‌سه‌قه‌ڵی شاری شنۆدا كوژرابوون، له‌ به‌ندیخانه‌ی ناوه‌ندیی ورمێدا حوکمی لەسێدارەدانەکەی به‌ڕێوه‌ چووە.
سزای سێداره‌ی ئه‌م به‌ندكراوه‌ سیاسییه‌ له‌ حاڵێكدا به‌ڕێوه‌ چووه‌ كه‌ دۆسیه‌كه‌ی نێردرابووه‌ كومیسیۆنی لێبوردن و جێبه‌جێكردنی ئه‌م سزایه‌ هیچ بناغه‌یه‌كی یاسایی نه‌بوو.
هیدایه‌ت عه‌بدوڵڵاپوور، هاووڵاتیی شاری شنۆ له‌ پارێزگای ئازه‌ربایجانی ڕۆژئاوا، ڕۆژی ١٣ی خه‌رمانانی ١٣٩٥ی هه‌تاوی، دوای تێپه‌ڕبوونی ٥٠ ڕۆژ بە سەر تێكهه‌ڵچونی سپای پاسداران و پێشمه‌رگه‌كانی حیزبی دیمۆكراتی كوردستانی ئێراندا له‌ گوندی قه‌ره‌سه‌قه‌لی سه‌ر به‌ شاری شنو، له‌ لایه‌ن هێزه‌ ئیتڵاعاتییه‌كانی سپاوە له‌ شاری شنو ده‌ستبه‌سه‌ر کرا. ئینجا‌ بۆ ماوه‌ی دوو مانگ له‌ گرتووخانه‌ی ئیداره‌ی ئیتڵاعاتی ورمێ‌ خرایە‌ ژێر قورسترین ئه‌شكه‌نجەی ڕۆحی و جه‌سته‌ییەوە؛ ئەشکەنجەی وەک بەندکردن لە ژووری تاكه‌كه‌سیدا، شۆكی ئیلیكترۆنی، قامچی به‌ كێبڵ و هەروەها هه‌ڵواسین.
ئه‌م بڕیاره‌‌ دوای تۆمارکردنی فەرمیی ناڕه‌زایه‌تی و داواکردنی پیاچوونەوە لە لایەن پارێزه‌ری دۆسییه‌كەوە،‌ نێردرایه‌ لقی ٤٧ی دیوانی باڵای ئێران کە ئەم سەرچاوەیە بڕیارەکەی بە نادروست زانی و هەڵیوەشاندەوە، هەر بۆیە دۆسییه‌كه بۆ دادگاییکردنەوەی دووبارە دیسان‌ نێردرایەوە بەردەم‌ هه‌مان لقی دادگای ئینقلابی ورمێ. ئه‌م به‌ندكراوه‌ سیاسییه‌ سه‌رله‌نوێ له‌ ڕێكه‌وتی ٢٠ی به‌فرانباری ١٣٩٦ی هه‌تاویدا(٠٩.٠٢.٢٠١٨) له‌ لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ئیسلامیی ورمێ دادگایی كرایەوە‌ و دووباره‌ سزای لەسیدارەدان‌ی به‌سه‌ردا سه‌پایەوە و ئه‌م جارە‌ له‌ هەمان لقی دیوانی باڵای ئێراندا په‌سه‌ند كرا.