تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی كوردستان زانیویه‌تی کە نیوه‌ڕۆی ڕۆژی ٣١ی جۆزه‌ردان، به‌ندكراوێكی سیاسیی كورد به‌ ناوی فیرووز موسالوو خه‌ڵكی ناوچه‌ی “کۆتول”ی شاری خوی له‌ پارێزگای ئازه‌ربایجانی ڕۆژئاوا، كه‌ له‌ مانگی پووشپه‌ڕی ساڵی ڕابردووەوە له‌ لایه‌ن ڕێكخراوی ئیتڵاعاتی سپای پاسدارانه‌وه‌ ده‌ستبه‌سه‌ر كرابوو، له‌ به‌ندیخانه‌ی ناوه‌ندەی ورمێوه‌ بۆ شوێنێكی نادیار گواستراوەته‌وه‌.
ئه‌م به‌ندكراوه‌ سیاسییه‌ به‌فرانباری ساڵی ڕابردوو دوای ٥ مانگ و ٢٠ ڕۆژ لێپرسینه‌وه‌ له‌ ده‌ستبه‌سه‌رگه‌ی ڕێكخراوی ئیتڵاعاتی سپای پاسداران له‌ ورمێ، بۆ به‌ندیخانه‌ی ئه‌م شاره‌ گوێزرابوویه‌وه‌.
تۆڕی مافه‌كانی كوردستان له‌ به‌فرانباری ساڵی پاردا به‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی ڕاپۆرتێك ڕایگه‌یاندبوو کە ناوبراو چه‌ند ساڵێك ئه‌ندامی یه‌كێك له‌ حیز‌به ئۆپۆزیسیۆنه‌ كورده‌كانی دانیشتووی هه‌رێمی كوردستان بووه‌ و دوای وه‌رگرتنی ئه‌ماننامه‌ له‌ لایه‌ن سپای پاسدارانه‌وه‌، له‌ ڕێكه‌وتی ٢٠ی پووشپه‌ڕی ١٣٩٨دا دوای ڕێكه‌وتن له‌گه‌ڵ سپای پاسدارن، خۆی ڕادەستی سپای شاری سه‌رده‌شت کردبوو.
لەکاتێکدا بەرپرسانی سپای پاسداران بە بنەماڵەی ئەو هاووڵاتییەیان وتبوو کە پاش چەند ڕۆژێک لێکۆڵینەوە ئازادی دەکەن، بەڵام پاش ڕادەستکردن بۆ دەستبەسەرگەی ئیتڵاعاتی سپای پاسدارانی ورمێ بەڕێ کراوە و لەوێ بۆ ماوەی چەند مانگ لێکۆڵینەوەی لەگەڵ کراوە و ئەشکەنجە دراوە. دەگوترێت کە تۆمەتی “ئەندامبوون لە حیزبێکی کوردستانی” و “شەڕی چەکداری” لەو هاووڵاتییە کوردە دراوە.
 پێشتر ئەندامانی حیزبە کوردستانییەکان پاش وەرگرتنی “ئەماننامە” لە وەزارەتی ئیتڵاعات و سپای پاسداران دەگەڕانەوە ئێران و دوای چەند رۆژ لێپرسینەوە ئازاد دەکران، بەڵام لە چەند ساڵی رابردوودا ئەم کەسانە دوای گەڕانەوەیان بۆ ئێران دەستبەجێ دەستبەسەر کراون و بۆ ماوەی چەندین مانگ لێپرسینەوەیان لەگەڵ کراوە و بە سەختی ئەشکەنجە دراون.
تاوتوێکردنی لێدوانەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لەگەڵ بنەماڵەی ژمارەیەک لەو کەسانە ئاشکرای دەکات کە مەرجی ناوەندە ئەمنییەکان بۆ ئازادکردنیان، “ئەندامبوون لە سپای پاسداران و هاوکاریکردنی ناوەندە ئەمنییەکان دژ بە حیزبە کوردستانییەکان” بووە. هەروەها تەنیا لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا زیاتر لە ٢٠ کەس لە ئەندامانی حیزبە کوردستانییەکان پاش گەڕانەوەیان بۆ ئێران دەستبەسەر کراون. ژمارەیەکیان سزایان بەسەردا سەپێندراوە و ژمارەیەکی دیکەشیان تا ئێستا چارەنووسیان روون نییە.