به‌پێی زانیارییه‌كانی تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی كوردستان، به‌ندكراوی سیاسیی خه‌ڵكی بۆكان، جه‌عفه‌ر سه‌عیدی، ڕۆژی سێشه‌ممه ١٧ی پوشپه‌ڕ بە مەبەستی ناڕه‌زایه‌تی ده‌ربڕین به‌رانبه‌ر به زیادكردنی بڕی بارمته‌كه‌ی بۆ پشووی كاتی (موره‌خه‌سی)، به دوورینه‌وه‌ی لێوی ده‌ستی دایه مانگرتن له خواردن.
حه‌فته‌ی ڕابردوو دادوه‌ری چاودێری بەندیخانەی بۆكان، دادوه‌ر “شهمس”، دوای قبووڵکردنی داواكاریی ناوبراو بۆ بەهرەمەندبوونی لە مۆڵەتی پشووی کاتی یان موره‌خه‌سی، بارمته‌ی ٣٥٠ میلیۆن تمەنی بۆ دەستیشان کردبوو، کەچی دوای دابینکردنی ئەو بڕە بارمتەیە لە لایان بنەماڵەکەیەوە، ناوبراو بارمته‌كه‌ی به‌رزكرده‌وه بۆ ٧٥٠ میلیۆن تمه‌ن.
هەر بۆیە ئه‌م به‌ندكراوه کە له به‌ندی دوودایە ،کە تایبه‌تە به تاوانبارانی ماده هۆشبه‌ره‌كان، وەک دەربڕینی ناڕه‌زایه‌تی به گۆڕانی بڕیارەکە و به‌رزكردنەوەی بڕی بارمته‌كه، لێوەکانی دوورییەوە و مانی له‌خواردن گرت. ناوبراو له پێنجه‌مین ڕۆژی مانگرتنه‌كه‌یدا تووشی دابه‌زینی زه‌خت بووه و تا هه‌نووكه به‌رپرسانی زیندان هیچ ئاوڕێکیان له داواكارییه‌كه‌ی نه‌داوه‌ته‌وه.
جه‌عفه‌ر سه‌عیدی ته‌مه‌ن ٢٩ ساڵ و هاووڵاتیی خه‌ڵكی بۆكان، ئێستا شه‌شه‌مین ساڵی به‌ندكرانی تێدەپەڕێنێ و له به‌ندیخانه‌ی بۆكاندایه، ناوبراو له ساڵی ١٣٩٢دا و به تۆمه‌تی گواستنه‌وه و ڕاگرتنی ماده هۆشبه‌ره‌كان ده‌ستبه‌سه‌ر كرا‌و و سزای ٢٥ ساڵ زیندانی به‌سه‌ردا سه‌پا.