بێهنام موسیوەند، زیندانیی سیاسی بۆ تەمێکردن گواسترایەوە بۆ بەندی ٨ی زیندانی ئێڤین
سەرچاوە: تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان — https://kurdistanhumanrights.org/ku/news-ku/prisoners-ku/2020/07/30/p8788
ڕۆژی ڕابردوو زیندانیی سیاسیی بێهنام موسیوەند دوای ئەوەی لە ئاست هەڵاواردنی نێوان بەندکراوانی تۆمەتبار بە گەندەڵی و زیندانییانی سیاسی، بوونی کۆمەڵە گرووپێکی بڵاوکردنەوەی مادە هۆشبەرەکان و هەروەها چەوساندنەوەی بەندکراوە هەژارەکان لە لایەن بەندکراوانی ماڵیی بەندی ٤ی زیندانی ئێڤینی تارانەوە ناڕەزایی دەربڕی، بە مەبەستی تەمێکردن گواستراوەتەوە بۆ بەندی ٨.
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، بێهنام موسیوەند کە لە جۆزەردانی ئەمساڵەوە بۆ جێبەجێکردنی حوکمی ٦ ساڵ زیندان ڕەوانەی بەندی ٤ی زیندانی ئێوین کراوە، ناوبراو دوای ئەوەی لەسەر هەڵاواردنی نێوان بەندکراوانی تۆمەتبار بە گەندەڵی و زیندانییانی سیاسی، بوونی کۆمەڵە گرووپێکی بڵاوکردنەوەی مادە هۆشبەرەکان و هەروەها چەوساندنەوەی بەندکراوە هەژارەکان لە لایەن بەندکراوانی ماڵییەوە لەگەڵ حەیدەرپووردا، بەرپرسی ئەم بەندە، تووشی گرژی و دەمەقاڵە بوو، وەک تەمێکردن گواسترایەوە بۆ بەندی ٨ی زیندانەکە.
ڕێژەی بەندکراوان لە بەندی ٨ی زیندانی ئێویندا گەلێ بەرچاوە و لە ڕووی باری پاکی و تەندروستیشەوە دۆخێکی نەگونجاوی هەیە.
بێهنام موسیوەند، چالاکی مەدەنیی خەڵکی لوڕستان و دانیشتووی تاران لە ١٢ی ڕێبەندانی ١٣٩٦دا بە دەستی هێزە ئەمنیەتییەکان لە ماڵەکەی خۆیدا دەستبەسەر و ڕەوانەی دەستبەسەرگەی ئەمنیەتیی ٢٠٩ی ئێوینی تاران کرا. ئەم چالاکە مەدەنییە لە ٢٨ی ڕەشەمەی هەمان ساڵدا بە دانانی بارمتەی ١٠٠ میلیۆن تمەنی ئازاد کرا.
ناوبراو لە خەرمانانی ١٣٩٨دا لە لایەن لقی ٢٨ی دادگای ئینقلابی تارانەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر مەقیسە بە تۆمەتی «کۆبوونەوە و پیلانگێڕی بە مەبەستی چالاکیی دژ بە ئاسایشی وڵات» و «بانگەشەی دژی حکوومەت» سەرجەم حوکمی ٦ ساڵ بەندکرانی بە سەردا سەپا. ئەم حوکمە لە دادگای پیاچوونەوەی پارێزگای تاراندا وەک خۆی پەسەند کرایەوە و بەپێی مادەی ١٣٤ی یاسای سزادانی ئیسلامی، ٥ ساڵی جێبەجێ دەکرێت.
ئەم چالاکە مەدەنییە پێشتریش لە ساڵی ١٣٩٤ بە تۆمەتی کاری سیاسی حوکمی یەک ساڵ زیندانی بە سەردا سەپابوو و حوکمەکەی لە بەندیخانەی ڕەجایی شاری کەرەجدا تێپەڕاندبوو. ناوبراو لە ١٠ی جۆزەردانی ١٣٩٦ و دوای تێپەڕاندنی حوکمەکەی لە زیندانی ڕەجایی شاری کەرەجەوە ئازاد کرابوو.
بابەتی پەیوەندیدار
-
داواکاری گشتیی تاران داخوازی گواستنەوەی سەکینە پەروانە بۆ زیندانی بۆجنووردی ڕەت کردەوە
-
خوێندکارێکی کورد بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەی ڕەوانەی زیندان کرا
-
سێ هونەرمەند و چالاکی کۆمەڵایەتی هێشتا هەر لە زیندانی ئێڤین دەستبەسەرن
-
مەترسیی جیاکردنەوەی دوو منداڵ و دوو دایکی زیندانیی سیاسی لە زیندانی قەرچەک
-
ڕاپۆرتێک لەسەر دوابارودۆخی تەندروستیی زیندانیی سیاسیی کورد موتەلیب ئەحمەدیان لە حەڤدەیەم ساڵی بەندکراندا
-
ئازادبوونی چالاکێکی کرێکاری بە دانانی بارمتە