به‌پێی زانیارییه‌كانی تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی كوردستان، ئیبراهیم خه‌لیل سدێق هه‌مه‌دانی، به‌ندكراوی سیاسیی زیندانی ورمێ، بۆ ناڕه‌زایه‌تی ده‌ربڕین بەرانبەر به ڕاگرتنی منداڵه‌كه‌ی به ناوی سالار خه‌لیل سدێق هه‌مه‌دانی له ده‌ستبه‌سه‌رگه‌ی ئیداره‌ی ئیتلاعاتی ورمێ‌دا، له ڕۆژی یه‌كشه‌ممه ١٩ی گهلاوێژەوە مانی له خواردن گرتووە. ئه‌م به‌ند كراوه سیاسییه ١٤ی گه‌لاوێژ له‌گه‌ڵ منداڵه‌كه‌یدا له به‌ندیخانه‌ی ناوه‌ندیی ورمێوە گواسترایەوه بۆ ده‌ستبه‌سه‌رگه‌ی ئیداره‌ی ئیتلاعات، خۆی دوای سێ ڕۆژ گەڕێنرایەوە بۆ زیندانی ورمێ و نێردرایە به‌ندی ڕاوێژكاری، به‌ڵام منداڵه‌كه‌ی هێشا هەر له‌و ده‌ستبه‌سه‌رگه‌یه‌دا ماوەتەوە.
ده‌وترێ لێپرسەوە ئه‌منییه‌كان ڕایانگه‌یاندووه هۆکاری گواستنه‌وه‌ی له‌ناكاوی ئه‌م دوو به‌ندكراوه سیاسییه ئەوە بووه کە لە نێو زینداندا دژ بە حکوومەت پڕوپاگەندەیان کردووە. ئه‌م به‌ندكراوه سیاسییه و منداڵەکەی، سالار خه‌لیل سدێق هه‌مه‌دانی، پێشتریش دوو جار به مەبەستی دەربڕینی ناڕه‌زایه‌تی لە ئاست حوکمەکەیاندا و دابیننەکردنی خزمەتگوزاری و پێڕاگه‌یشتنی پزیشكی، مانیان له خواردن گرتبوو.
ئیبراهیم خه‌لیل سدێق هه‌مه‌دانی تووشی نه‌خۆشی شه‌كره بووه و ده‌بێ هه‌موو ڕۆژ ٣ جار ئه‌نسۆلینی لێ بدرێت. به‌پێی لێكدانه‌وه‌ی پزیشكه پسپۆڕه‌كان، لەبەر کەمبوونی پێداویستیی پزیشكی و ته‌ندروستی لە نێو زینداندا، مانەوەی لەوە زیاتری ناوبراو لە زینداندا مەترسیدارە.
ئیبراهیم خه‌لیل سدێق هه‌مه‌دانی له‌گه‌ڵ دوو منداڵه‌كه‌یدا به ناوه‌كانی سالار و مریه‌م (مه‌هسا) خه‌لیل سدێق هه‌مه‌دانی، ٤ی ڕه‌شه‌مه‌ی ١٣٩٧ له لایه‌ن هێزه ئه‌منییه‌كانه‌وه له ورمێ ده‌ستبه‌سه‌ر كران، ئه‌م هاووڵاتییانه دوای دوو مانگ لێپرسینه‌وه له ده‌ستبه‌سه‌رگه‌ی ئیداره‌ی ئیتلاعاتی ورمێوه گواسترانەوە بۆ به‌ندیخانه‌ی ناوه‌ندیی ئه‌م شاره. مه‌ریه‌م خه‌لیل سدیق هه‌مه‌دانی ڕۆژی ٥ی گوڵانی ١٣٩٨ به دانانی بارمته‌ی ٢٥٠ میلیۆن تمه‌نی ئازاد كرا.
یەکەمین دانیشتی دادگای ئیبراهیم و سالار خەلیل سدێق هەمەدانی لە حاڵێکدا رۆژی ٢٧ی خەرمانان لە دادگای ئینقلابی ئیسلامیی ورمێ بەڕێوەچوو کە مافی گرتنی پارێزەریان لێ زەوت کرابوو. دواجار بە تۆمەتی ئەندامبوون لە ڕێکخراوی موجاهیدینی خەلقی ئێران‌دا، هەر کام لەم هاووڵاتییانە مەحکووم کران بە ١٥ ساڵ بەندکران، هەروەها بە تۆمەتی پڕوپاگەندە دژی کۆماری ئیسلامیش حوکمی ساڵێک بەندکرانی دیکەیان بە سەردا سەپا.
ئەم دوو هاووڵاتییە چەند رۆژ دواتر لە لقی ٣ی دادگای ئینقلابی ورمێ بە تۆمەتی گرتنی وێنە و فیلم لە ناوەندە سەربازییەکان، هەر کامیان بە سێ ساڵ بەندکران مەحکوم کران. هەر یەک لەم دوو بەندکراوە سەرجەم ١٩ ساڵ بەندکرانیان بەسەردا سەپاوە کە بەپێی مادەی ١٣٤ی یاسای سزادانی ئێران، ١٥ ساڵ بەندکران بۆ هەرکامیان دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.