به‌پێی‌ زانیارییه‌كانی تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی كوردستان، لە ڕۆژانی ڕابردوودا داواکاری گشتیی تاران داخوازی سەکینە پەروانە، زیندانیی سیاسیی کوردی ڕەت کردۆتەوە کە داوای کردبوو بیگوێزنەوە بۆ زیندانی بۆجنوورد، بنەماڵەی ئەم بەندکراوە سیاسییە دانیشتووی ئەم شارەن. ئەمە لە حاڵێکدایە کە لە کاتی دەستبەسەربوونیەوە بنەماڵەکەی نەیانتوانیوە دیداری لەگەڵدا بکەن.

سەکینە پەروانە پێشتر بە بڵاوکردنەوەی نامەیەک لە ڕێکەوتی ٥ی پووشپەڕدا باسی ڕەوتی دەستبەسەرکران و ئەو ئازار و ئەشکەنجانە کردبوو کە لە کاتی زیندانیبووندا ڕووبەڕووی کراوەتەوە. به‌ پێی قسه‌كانی خانمی سه‌كینه‌، بەرپرسە ئه‌منیه‌تییەکانی كۆماری ئیسلامی له‌ سه‌ره‌تاكانی پاییزی ١٣٨٩دا به‌ بیانووی چاوپێكه‌وتن له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌کەیدا له‌شاری سلێمانیی كوردستانی ئێراق، دوای ئەوەی دەینێرنە سنووری ئێران و ئێراق، ماوه‌ی ١٠ ڕۆژ له‌ ده‌سبه‌سه‌رگه‌كانی مه‌ریوان و سنه‌دا گێڕاویانە و‌ دواتر ناردوویانه‌ته‌ زیندانی ئێڤین. قۆناغی ده‌ستبه‌ربوونی ناوبراو لە دۆخێکی دژوار و لە ژێر سه‌ختترین ئه‌شكه‌نجه‌ی جه‌سته‌ییدا، له‌ به‌نده‌كانی دووی ئه‌لف، ٢٠٩ و ژنانی زیندانی ئێڤیندا تێپەڕیوە.

سه‌رچاوه‌یه‌كی ئاگادار لە دۆخی ئه‌م به‌ندكراوه‌ سیاسییه لە تاران پێشتر به‌ تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی کوردستانی وتبوو: «ناوبراو‌ دوای كۆتاییهاتنی لێكۆڵینه‌وه‌كان گواسترایەوە‌ بۆ به‌شی ژنانی به‌ندیخانه‌ی ئێڤین‌ و له‌ مانگی خاكه‌لێوه‌ی ئه‌مساڵیشدا لە بەر نووسینی دروشم، دیسان لەو‌ێشەوە گواسترایەوە و ئەم جار برایە به‌ندیخانه‌ی قه‌رچه‌كی وه‌رامین و دوای ٤ ڕۆژ مانەوە له‌ ژووری تاكه‌كه‌سیدا گواسترایه‌وه‌ بۆ نه‌خۆشخانه‌ی «ئه‌مین ئاباد» له‌‌ شاری ڕه‌ی». 

پەیام دەڕئەفشان، پارزه‌ری ئه‌م به‌ندكراوه‌ سیاسییه کە خۆیشی ئێستا لە بەندیخانەدایە، رۆژی ٥ی جۆزه‌ردانی ئەمساڵ ڕایگەیاند که لقی ٢٦ی دادگای ئینقلابی تاران سزای ٥ ساڵ زیندان و ٢ ساڵ قەدەغەکردنی‌ ئه‌ندامێتی له‌ ده‌سته‌ و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی بە سەر ئەو خانمەدا سەپاندووە. بە پێی حوكمی دادگا، تۆمه‌تی په‌روانە بریتییە لە «ئه‌ندامێتی له‌ گرووپه‌كانی دژ به‌ حکوومەتدا به‌ مەبەستی تێکدانی ئاسایشی وڵات»‌. 

له‌ مانگی خاكه‌لێوه‌ی ئه‌مساڵ و له ‌بەندی ژنانی زیندانی ئێڤیندا، کێشانی ئاڵای هەرێمی کوردستان و نووسینەوەی دروشمەکانی كۆمه‌ڵه‌ لە لایەن سه‌كینه‌ په‌روانه‌وە، پەرچەکرداری توندی به‌رپرسانی ئه‌منیی زیندانی لێ کەوتەوە و سەرەڕای ئەوەی کەوتە بەر لێدان و سووکایەتییانەوە، گواسترایەوه‌ بۆ نه‌خۆشخانه‌ی دەروونپزیشکیی «ئه‌مین‌ئاوا» له‌‌ شاری ڕه‌ی. خانمی په‌روانه‌ دوای ٢٥ ڕۆژ مانه‌وه‌ له‌ نه‌خۆشخانه‌ی دەروونپزیشكیی ئه‌میناوای شاری ڕه‌ی، سەرلەنوێ گواسترابوویەوە‌ بۆ قه‌ره‌نتینه‌ی به‌ندیخانه‌ی قه‌رچه‌ك. ڕۆژی ٦ی پووشپەڕی ئەمساڵ لە زیندانی ئێڤیندا حوکمێکی تازەیان بەم زیندانییە سیاسییە ڕاگەیاند کە بەپێی ئەو حوکمە و بە تۆمەتی «ئاژاوەنانەوە لە زینداندا» مەحکووم کراوە بە دوو ساڵ زیندانیی دیکە. هیچ زانیارییەک لەسەر پرۆسەی دادگاییکردنی ناوبراو لەم دۆسیەدا لە بەردەستدا نییە.