تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان
یارمەتی

به‌ندكراوان ورمێ

ئایناز زارع نیشانەکانی کۆرۆنای هەیە و لە زیندانەوە گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە

سەرچاوە: تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان — https://kurdistanhumanrights.org/ku/news-ku/prisoners-ku/2020/08/26/p22938

ڕۆژی سێشەممە ٤ی خەرمانان ئایناز زارع، ئەو زیندانییە سیاسییەی لەگەڵ دایکیدا شاناز سادقیفەڕ لە بەندی ژنانی زیندانی ناوەندیی ورمێدایە، لەبەر ئەوەی دۆخی تەندروستیی ناجێگیرە و هەروەها نیشانەکانی کۆرۆنایشی پێوە دیارە، ڕەوانەی نەخۆشخانە کرا.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە ورمێوە وێڕای ڕاگەیاندنی ئەم هەواڵە، بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وت: «لە دوو حەفتەی ڕابردوودا ئەمە دووهەم جارە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە بەندی ژنانی زیندانی ورمێدا بڵاو دەبێتەوە و تا ئێستا چەندین کەسی دیکەیش لەبەر ناجێگیربوونی دۆخی تەندروستییان ڕەوانەی نەخۆشخانە کراون و لانیکەم ٤ کەسی دیکەیش لە ژوورێکی ئەم بەندەدا قەرەنتینە کراون».
بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، ئایناز زارع نیشانەکانی کۆرۆنای پێوە دیار بووە و هەر بۆیە ڕۆژی دووشەممە گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانەی زیندان و ڕۆژی سێشەممەیش لەبەر هەناسەتەنگی بەپەلە ڕەوانەی نەخۆشخانەی تاڵەقانی کراوە.
ئەم سەرچاوەیە لە درێژەدا وتی: «ئایناز زارع و شاناز سادقیفەڕ ڕۆژی ٢٥ی گەلاوێژ بۆ ماوەی حەفتەیەک مانیان لە خواردن گرتبوو، هەر بۆیە مانگرتنەکە بۆتە هۆی خراپبوونی دۆخی تەندروستییەکەی، ئایناز لە سەرەتای مانگی گەلاوێژدا و دوابەدوای ئەوەی حوکمی ١٥ ساڵ زیندان بە دایکی ڕاگەیەنرا، لە ڕێی بڕینی دەمارێکیەوە دەستی دابووە خۆکوشتن».
«ئایناز زارع و شاناز سادقیفەڕی دایکی لە ڕەزبەری ساڵی ڕابردوودا و دوای چەند ساڵێک ئەندامێتی لە پارتی ئازادیی کوردستاندا (پاک)، دوای وەرگرتنی ئەماننامە و ئاگاداربوونەوە دەزگا ئەمنییەکان گەڕانەوە ئێران، بەڵام دوای گەڕانەوە یەکسەر لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کران و تا ئێستاش هەر لە زینداندا ماونەتەوە.
شاناز سادقیفەڕ ڕۆژی ٣١ی گەلاوێژ لە لقی ٢ی دادگای ئینقلاب ئیسلامیی ورمێدا بە سەرۆکایەتیی عەلی شێخلوو دادگایی کرا و دوو ڕۆژ دواتر لە زیندانی ناوەندیی ورمێدا حوکمی ١٥ ساڵ زیندانی بە تۆمەتی «چالاکیی دژی ئاسایشی نەتەوەیی لە ڕێگەی ئەندامێتییەوە لە پارتی ئازادیی کوردستاندا» پێ ڕاگەیەنرا.