زەینەب جەلالیان هێشتا هەر لە ژووری تاکەکەسیدایە
سەرچاوە: تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان — https://kurdistanhumanrights.org/ku/news-ku/prisoners-ku/2020/09/09/p9056
زەینەب جەلالیان، زیندانیی سیاسیی کوردی مەحکووم بە زیندانی هەتاهەتایی (ئەبەد) کە ٥ی پووشپەڕ لە قەرەنتینەی زیندانی قەرچەکی وەرامینەوە گواسترابوویەوە بۆ زیندانی کرمان، هێشتا لە ژووری تاکەکەسیی ئەو زیندانەدا بەسەر دەبات و بارودۆخی نالەبارە.
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە ڕۆژانی ڕابردوودا ئەم زیندانییە سیاسییە لە ڕێی تەلەفۆنەوە پێوەندیی بە بنەماڵەکەیەوە کردووە و پێی وتوون کە هێشتا لە دۆخێکی دژوار و لە ژووری تاکەکەسیدایە، ئەوەشی وتووە کە بەرپرسانی زیندان وتوویانە ئەگەر خۆی تێچووی گواستنەوەکەی دابین بکات ئەوا ئەینێرنەوە بۆ زیندانی خووی، بەڵام تا ئێستا هیچ هەنگاوێکی کردارییان بۆ ئەم کارە هەڵنەگرتووە.
زەینەب جەلالیان چەند حەفتە جارێک، بە شێوەیەکی کورت و بە ئامادەبوونی بەرپرسانی بەشی پاراستنی زیندان، لەگەڵ بنەماڵەکەیدا بە تەلەفۆن پێوەندی ئەگرێت، لەم پێوەندییانەدا بۆی نییە بە زمانی کوردی قسە بکات و دەبێ لەگەڵ باوک و دایکیدا هەر بە فارسی قسە بکات، لە حاڵێکدا کە ئەوان زۆر بە سەختی لەم زمانە تێدەگەن.
بەردەوامبوونی مانەوەی ئەم زیندانییە سیاسییە لە ژووری تاکەکەسی زیندانی کرمان لە حاڵێکدایە کە ناوبراو لە دۆخی دژواری نێو زیندانی قەرچەکدا تووشی کۆرۆنا ببوو و ٣١ی جۆزەردان بە مەبەستی قبووڵکردنی داواکەی بۆ گەڕانەوە بۆ زیندانی خووی یاخود گواسترانەوە بۆ زیندانی ئێڤین و هەروەها دابینکردنی خزمەتگوزاریی پێویستی پزیشکی، مانی لە خواردن گرت، بەڵام لە شەشەمین ڕۆژی مانگرتنەکەی و لە ٥ی پووشپەڕدا دیسان لە بەندی قەرەنتینەی زیندانی قەرچەکەوە گواستیانەوە و ئەم جارە دوور خرایەوە بۆ زیندانی کرمان کە نزیک دوو هەزار کیلۆمەتر دوورە لە شوێنی نیشتەجێبوونی بنەماڵەکەی کە لە ماکۆ دادەنیشن.
زهینهب جهلالیان ساڵی ١٣٦١ی ههتاوی له گۆندی “دیم قشڵاق”ی سهر به شاری ماكۆ له پارێزگای ئازهربایجانی ڕۆژئاوا له دایك بووه. ناوبراو سهرماوهزی ساڵی ١٣٨٦ی ههتاوی له كرماشان دهستبهسهر كرا و دوای چهندین مانگ ڕاگرتن له ژووری تاكهكهسیی ئیدارهی ئیتڵاعاتی ئهم شاره و كهوتنه ژێر ئازار و ئهشكهنجهی فراوانەوە، له لایهن دادگای ئینقلاب ئیسلامیی ئەو شارەوە به تۆمهتی ههوڵدان دژی ئاسایشی نهتهوهیی و شەڕکردن لە دژی خوا لە ڕێگەی ئهندامێتییەوە لە پارتی ژیانی ئازادی كوردستان (پژاک)دا، سزای سێدارهی بۆ دەر چوو. ئهم سزایه دوای پهسهندکردنی له دادگای پیاچوونهوەدا لە ساڵی ١٣٩٠ی ههتاوی، پلەیەک كهم كرایهوه و بوو بە زیندانی ههتاههتایی. ناوبراو به درێژایی ئهم ساڵانه له بهندیخانەدا تووشی نهخۆشیی جۆراوجۆری وهك كزیی چاو، ناخونەكی چاو و نەخۆشیی دەم بووه.
کۆمیتەی دەستگیرکردنە نایاساییەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە ساڵی ١٣٩٥ و لە دووتوێی داواکارییەکی فەرمیدا داوای لە کۆماری ئیسلامیی ئێران کرد دەسبەجێ زەینەب جەلالیان ئازاد بکات و هەموو ڕێوشوێنەکان بۆ قەرەبووکردنەی ئەو خەسار و ئازارانەی بە سەریدا سەپاوە، بە پێی یاسا نێونەتەوەییەکان بگرێتە بەر. بە پێی داوانامەکەی ئەم کۆمیتە نێونەتەوەییە، بێبەشکردنی زەینەب جەلالیان لە مافی ئازادی، کارێکی سەرەڕۆیانەیە و پێچەوانی جاڕنامەی جیهانیی مافەکانی مرۆڤ و کۆنڤانسیۆنی جیهانیی مافە مەدەنی و سیاسییەکانە و دەبێ کۆماری ئیسلامیی ئێران هەموو ئەوانەی لە پێشێلکردنی مافەکانی ئەم چالاکڤانە سیاسییە کوردەدا دەوریان هەبووە، بخاتە بەر لێپرسینەوەی یاساییەوە.
بابەتی پەیوەندیدار
-
ئهگهری گواستنهوهی زهینهب جهلالیان بۆ بهندیخانهی كرمان
-
پاش دوو مانگ دیارنەمان، زەینەب جەلالیان پێوەندیی لەگەڵ بنەماڵەکەی گرت و ڕایگەیاند لە ژوورێکی تاکەکەسیی زیندانی کرماندایە
-
فاڕووق شاروێرانی بۆ زیندانی ناوەندی کرمان گواستراوە
-
دوورخستنەوەی سێ زیندانیی سیاسیی کورد بۆ زیندانەکانی کرمان، زاهیدان و مەشهەد
-
لە کرمان زیندانییەک لە سێدارە درا
-
یادگار ڕەحیمنژاد، بەندکراوی خەڵکی بانە، لە کرمان لە سێدارە درا