دیوانی باڵای ئێران به بێ ئەوەی داوای دۆسیه‌کەی حیده‌ر قوربانی، به‌ندكراوی سیاسیی كوردی مه‌حكووم به ئێعدام بکات، داواكاریی پارێزه‌رەکەیی بۆ دادگاییگرنەوەی دووباره‌ی ره‌ت كرده‌وه. هه‌رچه‌ند پارێزه‌رەکەی به‌ته‌مایه جارێکی‌تر داواکە پێشکەش بکاتەوە، به‌ڵام ئێستا مه‌ترسیی جێبەجێکردنی حوکمی لەسێدارەدانی ئەم بەندکراوە سیاسییە، ئەگەرێکی چاوەڕوانکراوە.
یه‌كێك له نزیكانی حەیده‌ر قوربانی له وتووێژێكدا له‌گه‌ڵ تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی كوردستان و له زمانی ساڵح نیكبه‌ختی پارێزه‌ریەوە وتی: «ئه‌م به‌ندكراوه سیاسییه جیا له سزای لەسێدارەدان به تۆمه‌تی «به‌غی»، له دۆسیه‌یه‌كی دیكه‌شدا سێ سزای ٣٠ ساڵ به‌ندكرانی به تۆمه‌تی به‌شداری له قهتڵدا بۆ دەرچووە، هەر بۆیە به‌پێی به‌ندی “چ”ێی ماده‌ی ٤٧٤ ی یاسای دادگایی‌کردنی كه‌یفه‌ری و لەبەر ئەوەی کێشەی ئیداری و ناوەرۆکیی بەرچاو له دۆسیه‌كه‌دا هەبوو، داوای دادگاییكردنه‌وه‌ی دووباره‌مان بۆ تۆمه‌تی «بەغی» پێشكه‌شی دیوانی باڵا كردبوو كه لقی ٩ی دیوانی باڵای ئێران به‌بێ ئەوەی داوای هەناردنی دۆسیەکە بۆ ئەو دیوانە و خوێندنەوەی بکات، داواکەمانی ڕەت کردەوە».
ئه‌م سه‌رچاوەیە له درێژه‌دا وتی: «ئاغای نیكبه‌خت دوای پەسندکرانی حوکمەکە له لقی ٢٧ی دیوانی باڵای ئێران‌دا، ڕۆژی ٢٥ی گه‌لاوێژ داواکاریی دادگاییکردنەوەی دووبارەی ئەم زیندانییە سیاسییەی پێشکەش کرد. به‌پێی به‌ندی “چ”ێی ماده‌ی ٤٧٤ ئه‌گه‌ر كردهوهکە لە ڕیزی تاوانەکاندا نەبێت یاخود سزای دەرکراو زیاتر لە سزای دیاریکراو لە یاسادا بێت، پارێزەر یان خودی مەحکوومکراوەکە دەتوانن لە دیوانی باڵای ئێران‌دا داوای دادگاییکردنەوەی دووبارەی بکەن».
ناوبراو وێڕای ئاماژەکردن بەوە کە ساڵح نیکبەخت لە دووتوێی داوانامەیەکی تێروتەسەلدا کە پێشکەشی دیوانی باڵای کردووە، بەڵگەی لە سەرچاوە فیقهییە ئیسلامییەکانەوە بۆ ڕەتکردنەوەی حوکمەکە هێناوەتەوە، وتی: «لە ئاست حەیدەر قوربانیدا ڕووبەڕووکردنەوەی تۆمەتی «بەغی» بە تەواوی پێچەوانەی شەریعەت و یاسای سزادانی ئیسلامییە، چونکوو ئەم تۆمەتبارە لە لقی یەکەمی دادگای کەیفەریی یەکی سنەدا تەنیا بە تۆمەتی بەشداریکردن لە کوشتنی سێ کەسدا کە هاوکاریی ئیدارەی ئیتلاعات یان سپای پاسدارانیان کردووە، دادگایی کراوە و بۆ ئەو تۆمەتەش سێ حوکمی بەندکرانی ٣٠ ساڵەی (سەرجەم ٩٠ ساڵ) بە سەردا سەپاوە. ناوبراو لە سەرجەم قۆناغەکانی لێکۆڵینەوەدا –لە لێکۆڵینەوەکانی پۆلیسی دادوەرییەوە تا دادسەرا و دادگا- بەردەوام چەکداربوون یاخود ئەندامبوونی لە حیزبێکی سیاسیی ڕەت کردۆتەوە، ناوبراو تەنیا ئەوەندەی قبووڵ کردووە کە ئۆتۆمبیلی بۆ ئەو کەسانە دابین کردووە کە بەپێی حوکمەکەی دادگای کەیفەریی یەکی سنە، بە تۆمەتی بەرپرسایەتی لە کوشتندا و بە شێوەی غیابی، حوکمی لەسێدارەدانیان بۆ دەرکراوە. جیا لەمە هیچ شتێکی‌تر لە دۆسیەکەی ناوبراودا نییە. حەیدەر قوربانی و کەسە تۆمەتبارەکانیتر لە دۆسیەکەی دادگای کەیفەریی یەکی سنەدا، هەرکامەو بەپێی ئاست و چەندێتیی بەشداربوون و هاوکاریکردنیان لەگەڵ ئەو کەسانەدا، حوکمی زیندانیان بۆ دەرچووە و لەم دۆسیەیەدا هیچ بەڵگەیەک لەسەر چەکداربوونی ناوبراو یان کەڵکوەرگرتنی لە چەک لە بەردەستدا نییە».
ئەم سەرچاوەیە دیسان لە زمانی ساڵح نیکبەختەوە وتی: «حەیدەر قوربانی ڕەتی کردۆتەوە ئەندامی حیزبی دیمۆکرات بووبێت یان هەرجۆرە پێوەندییەکی ڕێکخراوەیی لەگەڵ ئەو حیزبەدا بووبێت، بەم پێیە و تەنانەت ئەگەر لایەنگری ئەم حیزبەش بووبێت، یاسای سزادانی ئیسلامیی ساڵی ١٣٩٢ هیچ سزایەکی بۆ لایەنگریکردنی حیزب و گرووپەکانی دژ بە حکوومەت دیاری نەکردووە و هەر بۆیە ناکرێ تۆمەتی «بەغی» بەسەر کەسێکی لایەنگردا بسەپێنرێ و سزای بۆ ببڕرێتەوە. چونکوو بەپێی هەندێ لە حەدیسەکانی پێغەمبەری ئیسلام کە فوقەهای ئیمامیە و سوننەیش پشتڕاسیان کردۆتەوە، دادگایی‌کردن و سزادانی کەسێک بە تۆمەتی باغیبوون تەنیا لە کاتێکدا ڕەوایە کە ئەو کەسە چەکی بووبێ و چەکەکەیشی دژ بە حکوومەتی دەسەڵاتدار بەکار هێنابێت. وەک وترا حەیدەر قوربانی قەت چەکی بەکار نەهێناوە و کۆی کردەوەکەی ئەو بریتی بووە لە دابینکردنی ئۆتۆمبیل بۆ بەرپرسیارانی کوشتنەکە و لێخوڕینی ئۆتۆمبیلەکە تا سەرسنووری ئێراق. ناوبراو جگە لەمە هیچ چەشنە بەرپرسایەتی یاخود بەشدارییەکی دیکەی لە تاوانی کوشتندا نەبووە. لە ڕووی یاساییشەوە ناتوانرێت مادەکانی ٢٨٧ و ٢٨٨ی یاسای سزادانی ئیسلامی بەسەریدا بسەپێت، چونکوو نە ئەندامی حیزب بووە و نە چەکی بەکار هێناوە».
حه‌یده‌ر قوربانی، هاووڵاتیی خه‌ڵكی كامێران، ڕه‌زبه‌ری ١٣٩٥ لە لایەن هێزه ئه‌منییه‌كانی ئەم شارەوە ده‌ستبه‌سه‌ر و بۆ چه‌ندین مانگ له ده‌ستبه‌سه‌رگه‌ی ئیداره‌ی ئیتلاعاتی سنه و ئیداره‌ی پۆلیسی ئاگاهیی ئه‌م شاره‌دا له ژێر لێپرسینه‌وه و بۆ دانپێدانانی زۆرە ملی ئه‌شكه‌نجه دراوە.
ڕەشەمەی ١٣٩٦ دانپێدانانە ئیجبارییەکانی ئەم زیندانییە سیاسییە لە کاناڵی پرێس تیڤی و لە ژێر ناوی «شۆفیری مەرگ»دا بڵاو کرایەوە. ناوبراو لە مانگی ڕەزبەری ١٣٩٨دا لە لایەن لقی یەکەمی دادگای کەیفەریی یەکی سنەوە بە گشتی حوکمی ٩٠ ساڵ زیندان و ٢٠٠ قامچیی بە سەردا سەپا.
ڕێبه‌ندانی ساڵی ڕابردوو لە دۆسیەیەکی دیکەدا بە تۆمەتی «بەغی له ڕێگه‌ی ئه‌ندامێتییەوە لە حیزبی دیمۆكراتی كوردستانی ئێران‌دا» لە لقی یه‌كەمی دادگای ئینقلابی ئیسلامی سنەدا به سه‌رۆكایه‌تیی دادوه‌ر سه‌عیدی دیسان دادگایی کرایەوە و له ڕێكه‌وتی ٨ی ڕێبه‌نداندا و له زیندانی ناوه‌ندیی سنه بە فەرمی پێی ڕاگه‌یه‌نرا کە حوکمی لەسێدارەدانی بۆ دەرچووە.
ناوبراو هه‌نووكه له به‌ندی زیندانییه سیاسییه‌كانی زیندانی ناوه‌ندیی سنه، واتە به‌ندی «پوویشی یه‌ك»دایه.