تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان
یارمەتی

به‌ندكراوان ورمێ

سەرەڕای پێداگریی پزیشکیی یاسایی لەسەر نەبوونی توانای مانەوە لە زینداندا، بەندکراوێک هێشتا لە زینداندایە/ بەڵگەی پزیشکی

سەرچاوە: تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان — https://kurdistanhumanrights.org/ku/news-ku/prisoners-ku/2020/09/24/p22953

سەرەڕای ئەوەی پزیشکیی یاسایی بە فەرمی وتوویەتی دۆخی تەندروستیی عەلی محەممەدی‌موقەدەم، زیندانیی کورد، بە جۆرێک نییە بتوانێ لە زینداندا بمێنێتەوە و ناوبراویش تا ئێستا دەیان جار هەوڵی خۆکوشتنی داوە، کەچی لەبەر ناڕازیبوونی وەزارەتی ئیتلاعات هێشتا لە دۆخێکی زۆر دژواری بەندیخانەی ناوەندیی ورمێدایە و بە پێچەوانەی یاساکان ئازاد نەکراوە.
ئەم بەندکراوە بە هۆی ١٥ مانگ مانەوە لە ژووری تاکەکەسیدا تووشی نەخۆشیی شیزۆفرینیا بووە و کۆمیسیۆنی پسپۆڕ لە بەشی دەروونپزیشکیی پزیشکیی یاسایی ورمێش ئەم بابەتەی پشتڕاست کردۆتەوە.
عەلی محەممەدی‌موقەدەم، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی کرماشان و دانیشتووی تاران، ماستەری زانستە سیاسییەکانی هەیە و لە ئەندامانی ئەرتەشی ئێران بووە کە هێزەکانی سەر بە وەزارەتی ئیتلاعات لە بەفرانباری ١٣٨٧ و لە ماڵەکەی خۆیدا لە شاری تاران دەستبەسەریان کرد و دوای ١٥ مانگ مانەوە لە ژووری تاکەکەسیی دەستبەسەرگە ئەمنییەکانی ٣٧ی ئەرتەش و ٢٠٩ی وەزارەتی ئیتلاعاتدا، گواسترایەوە بۆبەندی گشتیی بەندیخانەی ئێڤینی تاران.
ناوبراو دوای دوو ساڵ چاوەڕوانی، لە ڕەزبەری ساڵی ١٣٨٩دا لە لایەن لقی دووهەمی دادسەرای سەربازیی تارانەوە بە تۆمەتی «موحارەبە» لە ڕێگەی سیخوڕیکردنەوە بۆ دەوڵەتەکانی ئامریکا و ئینگلیس، حوکمی ١٨ ساڵ زیندان و دوورخستنەوە بۆ بەندیخانەی ورمێی بە سەردا سەپا. ناوبراو لەم دادگایەدا مافی دیاریکردنی پارێزەری لێ سەنرابوویەوە. حوکمەکە دوای مانگێک لە لقی ٣١ی دیوانی باڵای ئێراندا وەک خۆی پەسەند کرایەوە و ئەم بەندکراوە لە کۆتاییەکانی ساڵی ١٣٨٩دا گواسترایەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ.
عەلی محەممەدی‌موقەدەم لە چەند ساڵی ڕابردوودا چەندین جار پشووی کاتی یان مورەخەسیی وەرگرتووە، بەڵام خەرمانانی ساڵی ڕابردوو و لە کاتی مورەخەسیدا، کاتێک کە دەیویست لە ئێران بچێتە دەرەوە لە شاری خووی بە دەستی هێزە ئەمنییەکان دەستبەسەر کرا و لەو کاتەوە ئیتر مافی مورەخەسی و تەنانەت وەرگرتنی چارەسەر و دەوا و دەرمانیشی لێ زەوت کراوە.