بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ دوو بەندکراوی سیاسی بە ناوەکانی ئیبراهیم خه‌لیل‌ سدیق هه‌مه‌دانی و سالار خه‌لیل‌ سدیق هه‌مه‌دانی براونەتە لقی ٦ی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و شۆڕشی شاری ورمێ و لەوێدا پێیان وتراوە کە بە تۆمەتی «بانگەشەی دژ بە حکوومەت» دۆسیەی تازەیان بۆ کراوەتەوە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە ورمێ سەبارەت بە کردنەوەی دۆسیەی تازە بۆ ئەم باوک و کوڕە زیندانییە بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وت: «دەوترێت کە هۆکارەکانی ڕووبەڕووکردنەوەی تۆمەتی تازە بەرانبەر بەم دوو زیندانییە سیاسییە دەگەڕێتەوە بۆ ناڕەزایەتی دەربڕینەکانیان، مانگرتنەکانیان لە خواردن و قسەکردنیان لەگەڵ زیندانییەکانی‌تردا سەبارەت بە پرس و بابەتە سیاسییەکان».
ئیبراهیم و سالار خه‌لیل‌ سدیق هه‌مه‌دانی لە کاتی دەستبەسەربوونی لە ڕەشەمەی ١٣٩٧دا و تەنانەت دوای دەرچوونی حوکمی قەتعی و گواستنەوەش بۆ بەندیخانەی گشتی، بەردەوام لەژێر هەڕەشە و گوشاری هێزە ئەمنییەکاندا بوون و چەندەها جار کەوتوونەتە ژێر لێپرسینەوەی دووبارەوە. ناوبراوان بە درێژایی ئەم ماوەیە و بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی بەرانبەر بە دەرچوونی حەکمی نادادپەروەرانە، گواستنەوەی دووبارە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعات و بێبەشکردنیان لە وەرگرتنی دەرمان و چارەسەری پزیشکی، سێ جار مانیان لە خواردن گرتبوو.

پێشتر تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان ڕایگەیاندبوو کە ئیبراهیم خه‌لیل سدێق هه‌مه‌دانی تووشی نه‌خۆشیی شه‌كره‌ بووه‌ و ده‌بێ هه‌موو ڕۆژ ٣ جار ئه‌نسۆلینی لێ بدرێت. به‌پێی لێكدانه‌وه‌ی پزیشكه پسپۆڕه‌كان، لەبەر کەمبوونی پێداویستیی پزیشكی و ته‌ندروستی لە نێو زینداندا، مانەوەی لەوە زیاتری ناوبراو لە بەندیخانەدا مەترسیدارە.
ئیبراهیم خه‌لیل‌ سدێق هه‌مه‌دانی، هاووڵاتیی تورکی خەڵکی ورمێ، له‌گه‌ڵ دوو منداڵه‌كه‌یدا به‌ ناوه‌كانی سالار و مریه‌م (مه‌هسا) خه‌لیل سدێق ‌هه‌مه‌دانی، ٤ی ڕه‌شه‌مه‌ی ١٣٩٧ له ‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منییه‌كانه‌وه‌ له‌ ورمێ ده‌ستبه‌سه‌ر كران، ئه‌م هاووڵاتییانه‌ دوای دوو مانگ لێپرسینه‌وه‌ له‌ ده‌ستبه‌سه‌رگه‌ی ئیداره‌ی ئیتلاعاتی ورمێوه گواسترانەوە‌ بۆ به‌ندیخانه‌ی ناوه‌ندیی ئه‌م شاره‌. مه‌ریه‌م خه‌لیل سدیق ‌هه‌مه‌دانی ڕۆژی ٥ی گوڵانی ١٣٩٨ به‌ دانانی بارمته‌ی ٢٥٠ میلیۆن تمه‌نی ئازاد كرا.
یەکەمین دانیشتی دادگایی ئیبراهیم و سالار خەلیل‌ سدێق هەمەدانی لە حاڵێکدا رۆژی ٢٧ی خەرمانان لە دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێ بەڕێوەچوو کە مافی گرتنی پارێزەریان لێ زەوت کرابوو. دواجار بە تۆمەتی ئەندامبوون لە ڕێکخراوی موجاهیدینی خەلقی ئێراندا، هەر کام لەم هاووڵاتییانە مەحکووم کران بە ١٥ ساڵ بەندکران، هەروەها بە تۆمەتی پڕوپاگەندە دژی کۆماری ئیسلامیش حوکمی ساڵێک بەندکرانی دیکەیان بە سەردا سەپا.
ئەم دوو هاووڵاتییە چەند رۆژ دواتر لە لقی ٣ی دادگای ئینقلابی ورمێ بە تۆمەتی گرتنی وێنە و فیلم لە ناوەندە سەربازییەکان، هەر کامیان بە سێ ساڵ بەندکران مەحکووم کران. هەر یەک لەم دوو بەندکراوە سەرجەم ١٩ ساڵ بەندکرانیان بەسەردا سەپاوە کە بەپێی مادەی ١٣٤ی یاسای سزادانی ئێران، ١٥ ساڵ بەندکران بۆ هەرکامیان دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.