وێنە؛ سەردانی کانوونی ئیسڵاح و تەربیەت لە لایەن مەعسوومە ئێبتکارەوە، بە ئامادەبوونی مەنسوور بیگلەری، بەرپرسی گشتیی زیندانەکانی کرماشان و سوهەیلا زەهیری، بەرپرسی بەندی ژنانی کانوونی ئیسڵاح و تەربیەت

ڕۆژی ٣٠ ڕەزبەر هەندێ لە زیندانییانی ژنی کانوونی ئیسڵاح و تەربیەتی کرماشان بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایەتی لە ئاست ئەو دۆخە دژوارەی سەرۆکی زیندان بەسەر زیندانییەکانیدا سەپاندووە، گردبوونەوەیەکیان ساز کرد. بەڵام گاردی تایبەتی بەندیخانە توندوتیژییەکی زۆیان بەکار هێنا و بە گازی فرمێسک‌ڕێژ هێرشیان کردە سەر کۆبوونەوەی هێمنانەی زیندانییەکان.
ئەندامێکی بنەماڵەی یەک لەم زیندانییانە کە لەبەر هۆکاری ئەمنی نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وت: «ڕۆژی ڕابردوو زۆربەی زیندانییانی بەندی ژنانی کانوونی ئیسڵاح و تەربیەتی کرماشان لە ئاست دانان و سەپاندنی هەندێ یاسای سەختگیرانە لەسەر جلوبەرگ و زەمانبەندیی پێوەندیی تەلەفۆنیی زیندانییان لە لایەن سەرۆکی زیندانەوە، ناڕەزاییان دەربڕی و کۆبوونەوەیەکی هێمنانەیان ساز کرد، بەڵام هێزەکانی گاردی تایبەتی زیندان هێرشیان کردە سەریان».
ئەم سەرچاوە ئاگادارە لە درێژەدا وتی: «هێزەکانی گارد گازی فرمێسک‌ڕێژیان خستۆتە نێو کۆبوونەوەکە و ئینجا هێرشێکی قورسیان بە باتوم کردۆتە سەر زیندانییەکان و لێیان داون. هێزەکانی گارد دوای لێدان و ئەشکەنجەی قورسی دوو بەندکراو بە ناوەکانی شنۆ ڕەحمەتی و فاتمە ڕەحیمی، بە ڕاکێشان گواستوونیانەتەوە بۆ ژوورە تاکەکەسییەکانی قەرەنتینە».
ئەم سەرچاوەیە هەروەها باسی لەوە کرد کە بە هۆی گازی فرمێسک‌ڕێژ و سپرەیی بیبەرەوە هەندێ لە زیندانییەکان تووشی هەناسەتەنگی بوون، لە درێژەشدا وتی: «سوهەیلا زەهیری، بەرپرسی بەندی ژنان، ئەندامی هێزی بەسیجە و لەڕێی دانانی کۆمەڵەیاسایەکی سەختگیرانەوە دۆخێکی قبووڵنەکراو و زۆر دژواری بەسەر زیندانییانی ژنی کانوونی ئیسڵاح و تەربیەتی کرماشاندا سەپاندووە، بەشێک لەم کانوونە وەک زیندانی ژنان بەکار دەهێنرێت».