تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان
یارمەتی

به‌ندكراوان

ڕاپۆرتێک لەسەر بارودۆخی موتەلێب ئەحمەدیان، زیندانیی کورد لە زیندانی ڕەجایی‌شاری کەرەجدا

سەرچاوە: تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان — https://kurdistanhumanrights.org/ku/news-ku/prisoners-ku/2020/10/25/p9292

موتەلێب ئەحمەدیان، زیندانیی کورد کە چەندین ساڵە تووشی نەخۆشیی چڵکی بەیزە بووە، ڕۆژی یەکشەممە ٢٧ی ڕەزبەر لە زیندانی ڕەجایی‌شاری کەرەجەوە ڕەوانەی نەخۆشخانەیەکی دەرەوەی زیندان کراوە و دوای ئەوەی تاقیکاریی سۆنۆگرافیی و دەرهێنانی خوێنە کەڵەکەکراوەکەی ناو بەیزەی بۆ کرا، گەڕێنرایەوە بۆ زیندان.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە بارودۆخی ئەم زیندانییە کوردە، بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وت: «حەفتەی ڕابردوو دوای چەند مانگ چاوەڕوانی، پزیشکێکی نەشتەرگەر لە کلینیکەکەی زینداندا پشکنینی بۆ موتەلێب ئەحمەدیان کرد و دوای ئەوەی لە تەشەنەسەندنی چڵکی بەیزەی و برینەکەی نوخاعی ئاگادار بوویەوە، داوای کرد بەپەلە ڕەوانەی نەخۆشخانەیەکی دەرەوەی زیندان بکرێت».
بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، ئەم زیندانییە ڕۆژی یەکشەممە ٢٧ی ڕەزبەر ڕەوانەی نەخۆشخانەیەکی دەرەوەی زیندان کراوە و دوای ئەوەی تاقیکاریی سۆنۆگرافیی و دەرهێنانی خوێنە کەڵەکەکراوەکەی ناو بەیزەی بۆ کراوە، بەبێ ئەوەی لەسەر برینە نوخاعییەکەی هیچ کارێکی بۆ بکرێت، گەڕێنراوەتەوە بۆ زیندان.
موتەلێب ئەحمەدیان لە مانگی بەفرانباری ساڵی ڕابردوو و لە دووتوێی نامەیەکدا، وتبووی کە نەبوونی خزمەتگوزاری و پێڕاگەیشتنی پزیشکی بۆتە هۆی ناجێگیربوونی دۆخی تەندروستیم و پێدەچێ بە تەواوی فەلەج ببم. ناوبراو وێڕای ئاماژەدان بە چڵککردنی بەیزەکانی و شکانی سێ مۆرەی فەقەراتی بە هۆی ئەشکەنجەکانی سەردەمی لێپرسینەوەکانەوە، هۆکاری قووڵبوونەوەی نەخۆشییەکان و دۆخی ئێستای خۆیی گەڕاندبوویەوە بۆ وەرنەگرتنی چارەسەرەکان لە کاتی پێویستدا و نووسیبووی: «بە داخەوە زیندان چ پێش و چ پاش نەشتەرگەرییەکە ئامادە نەبوو پارەی پێویست بۆ نەشتەرگەری و کڕینی دەرمانەکان دابین بکات، لە حاڵێکدا کە بەپێی پێڕەوی بەندیخانەکان هەموو تێچووی دەوا و دەرمانی زیندانییەکان لە ئەستۆی خودی زینداندایە، بەڵام من خۆم سەرجەم پارە و تێچووەکانی ناردنە نەخۆشخانە و دەوا و دەرمانەکەم دابین کرد و لەبەر ئەوەی توانا مادییەکەم هەر ئەوەندە بوو و نەمدەتوانی بڕەپارەی پێویست بۆ قۆناغەکانی‌تری دەرمان دابین بکەم، بە ناچار وازم لە پرۆسە دەرمانییەکە هێنا».
موتەلێب ئەحمەدیان، هاووڵاتیی ٣١ ساڵەی خەڵکی بانە، ١٣ی ڕەزبەری ١٣٨٩ دەستبەسەر کرا و دوا ٨ مانگ مانەوە لە دۆخی سەختی ژووری تاکەکەسی و لە ژێر ئەشکەنجەی جەستەییدا لە دەستبەسەرگە ئەمنییەتییەکانی سەردەشت، سەقز و سنە، بە تۆمەتی «موحارەبە» لە ڕێگەی ئەندامبوونەوە لە حیزبی کۆمەڵەدا، حوکمی ٣٠ ساڵ زیندان و دوورخستنەوە بۆ زیندانی مینابی بەسەردا سەپا. ناوبراو هەروەها لە دوو دۆسیەی جیاوازی دیکەدا حوکمی بۆ بڕاوەتەوە؛ لە دۆسیەیەکدا بە تۆمەتی «هاتوچۆی نایاسایی لە سنوورەکانەوە» مەحکووم کراوە بە دانی یەک میلیۆن ڕیاڵ غەرامە و یەک ساڵ زیندانیکردن، لە دۆسیەکەی‌تریشدا بە تۆمەتی «بەشداریکردن لە کوشتندا» مەحکووم کراوە بە ٩ ساڵ زیندان و نیوەی دیەیەکی تەواو و ٣٠ میلیۆن تمەن غەرامە.