دوابه‌دوای ناڕه‌زایه‌تی ده‌ربڕینی به‌ندكراوانی بەشی ژنانی كانوونی ئیسڵاح و ته‌ربیه‌تی كرماشان له‌ ڕێكه‌وتی ٣٠ی ڕه‌زبه‌ردا كه‌‌ هێزه‌كانی گاردی تایبه‌تی زیندان به‌ توندی سەرکوتیان کرد، به‌رپرسانی زیندان سنوور و قەدەغەی تازەیان لەسەر زیندانییانی ژن داناوە.
ئه‌ندامێكی بنه‌ماڵه‌ی یه‌كێك له‌م زیندانییانه‌ له‌م باره‌وه‌ به‌ تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی كوردستانی وت: «له‌ چه‌ند ڕۆژی ڕابردوودا دوابه‌دوای بڵاوبوونه‌وه‌ی هه‌واڵی ناڕه‌زایه‌تی ده‌ربڕینی به‌ندكراوانی ژن، به‌رپرسانی زیندان ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ زیندانییه‌كانیان بانگهێشت كردووه‌ و هه‌ڕه‌شه‌ی دوورخستنه‌وه‌ بۆ زیندانه‌ دووره‌كانیان لێ کردوون. هه‌ره‌وه‌ها دەواوده‌رمانی ژنە‌ زیندانییه‌ نه‌خۆشه‌كانیشیان بڕیوە و پێوه‌ندییە ته‌له‌فوونییەکانیشیان سنووردار كردووە».
ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ به‌ندكراوانی ژنی بەشی ژنانی كانوونی ئیسڵاح و ته‌ربیه‌تی كرماشان له‌ ڕێكه‌وتی ٣٠ی ڕه‌زبه‌ردا له‌ ئاست دانان و سه‌پاندنی هه‌ندێ یاسای سه‌ختگیرانه‌ لەسەر جلوبەرگ و کاتی پێوەندیی تەلەفۆنیی بەندکراوان لە لایەن سەرۆکی زیندانەوە ناڕەزاییان دەربڕی و کۆبوونەوەیەکی هێمنانەیان ساز کرد، بەڵام هێزەکانی گاردی تایبەتی زیندان هێرشیان کردە سەریان. هێزەکانی گارد گازی فرمێسک‌ڕێژیان خستۆتە نێو کۆبوونەوەکە و ئینجا هێرشێکی قورسیان بە باتوم کردۆتە سەر زیندانییەکان و لێیان داون. هێزەکانی گارد دوای لێدان و ئەشکەنجەی قورسی دوو بەندکراو بە ناوەکانی شنۆ ڕەحمەتی و فاتمە ڕەحیمی، بە ڕاکێشان گواستوونیانەتەوە بۆ ژوورە تاکەکەسییەکانی قەرەنتینە.
به‌ پێی زانیارییه‌كانی تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی كوردستان كه‌ له‌ڕێی ئه‌ندامێکی‌ بنه‌ماڵه‌ی یەک لەم زیندانییانه‌وه‌ به ده‌ستمان گه‌یشتووه‌، دوای ٥ ڕۆژ شنۆ ڕه‌حمه‌تی و فاتمه‌ ڕه‌حیمی هێشتا هەر له‌ ژووری تاكه‌كه‌سیدان. شنۆ ڕه‌حمه‌تی نزیكه‌ی ٩ مانگ لەمەوپێش به‌ تۆمه‌تی كوشتنی هاسه‌ره‌كه‌ی ده‌ستبه‌سه‌ر كرا و دایكی دوو منداڵه‌ی نابینایه‌. ناوبراو له‌م ماوه‌یه‌دا ته‌نها لەڕێی ته‌له‌فۆنەوە پێوه‌ندیی له‌گه‌ڵ منداڵه‌كانیدا گرتووه‌ و له‌م ڕێگایەوه‌ كاروباری منداڵه‌كانی ڕێك ده‌خست، به‌ڵام ئێستا‌ مافی بینین و پێوه‌ندیی ته‌له‌فونی له‌گه‌ڵ منداڵه‌كانی لێ زه‌وت كراوه‌.
تۆری مافه‌كانی مرۆڤی كوردستان پێشتر و له‌ ڕاپۆرتێكدا لەسەر‌ ناڕه‌زایه‌تییه‌كانی به‌ندكراوانی ژن، باسی‌ ڕۆڵی سوهەیلا زەهیری، بەرپرسی بەندی ژنان و ئەندامی هێزی بەسیجی كردبوو لە ئازاردانی زیندانییانی ژندا. دەوترێت ناوبراو لەڕێی دانانی کۆمەڵەیاسایەکی سەختگیرانەوە دۆخێکی قبووڵنەکراوی زۆر دژواری بەسەر زیندانییانی ژنی کانوونی ئیسڵاح و تەربیەتی کرماشاندا سەپاندووە، بەشێک لەم کانوونە وەک زیندانی ژنان بەکار دەهێنرێت.