سێ زیندانیی سیاسیی کورد بە ناوەکانی کەیوان ڕەشۆزادە، کامران قاسمی و ئومید سەعیدی وەک ناڕەزایەتییەک لە ئاست دۆخی نادیاری دوسییەکەیان، زەخت و گوشاری نووسینگەی تایبەتی ئیدارەی ئیتلاعات و جێبەجێنەکردنی یاسای جیاکردنەوەی تۆمەتبارەکان لە بەندی لاوانی زیندانی ناوەندیی ورمێدا، مانگرتن لە خواردنی وشکیان دەست پێ کردووە. 
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە ورمێ وێڕای ڕاگەیاندنی ئەم هەواڵە بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، وتی: «ئەم سێ زیندانییە سیاسییە لە نزیکەی ١٣ مانگ لەمەوپێشەوە دەستبەسەرن و بە درێژایی ئەم ماوەیەش چەندین جار بەرانبەر بە ڕاگرتنی خۆیان لە بەندی لاوان و گوشارەکانی نووسینگەی تایبەتی ئیدارەی ئیتلاعات ناڕەزاییان دەربڕیوە و پێشتریش لە هەوڵی گواستنەوەیاندا بۆ بەندی سیاسی، دوو جار مانیان لە خواردن گرتبوو».
بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، سەرەڕای تێپەڕینی زیاتر لە ١٣ مانگ هێشتا چارەنووسی دۆسییەی ئەم زیندانییانە دیار نییە و لە سەرلەبەیانیی ئەمڕۆوە بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی لە ئاست نادیاربوونی بەردەوامی چارەنووسیان و هەروەها زەخت و گوشاری نووسینگەی تایبەتی ئیدارەی ئیتلاعات و جێبەجێنەکردنی یاسای جیاکردنەوەی تۆمەتبارەکان لە بەندی لاوانی زیندانی ناوەندیی ورمێ، مانگرتنی وشکیان دەست پێ کردووە. 
ئەم سێ زیندانییە پێشتر و لە ٣ی ڕەشەمەی ساڵی ڕابردوودا لەگەڵ چوار زیندانیی سیاسیی دیکەی بەندی لاواندا، بە مەبەستی ڕازیکردنی بەرپرسان بە قبووڵکردنی داواکارییەکەیان بۆ تەرخانکردنی ژوورێکی تایبەت و جیا لە زیندانییەکانی‌تری بەندی لاوان، مانیان گرتبوو. ڕۆژێک دوای دەسپێکردنی مانگرتنەکە، بەرپرسان پاڵیان بە کۆمەڵێک لە زیندانییانی ئاساییەوە نابوو لەگەڵ زیندانییە سیاسییە مانگرتووەکاندا بەشەڕ بێن و ئەمەش ببووە هۆی تێکهەڵچوون لە نێوان ئەم زیندانییەدا. دابەدوای ئەم تێکهەڵچوونە و بە فەرمانی «ئەمیر سوهرابی»، سەرۆکی زیندان، کەیوان ڕەشۆزادە، کامران قاسمی و کامەران دەروێشی بە کەلەبچە و پێبەندەوە ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی کرابوون.
کەیوان ڕەشۆزادە، کامران قاسمی و ئومید سەعیدی لەگەڵ دوو هاووڵاتیی دیکەدا بە ناوەکانی نائیب حاجی‌پوور و عەبدولعەزیز محەممەدپوور، ١٦ی ڕەزبەری ساڵی ڕابردوو لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کران و ئینجا گواسترابوونەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ. ئەم هاووڵاتییانە دوای مانگێک لێپرسینەوە ڕەوانەی بەندی لاوانی زیندانی ناوەندیی ورمێ کران. نائیب حاجی‌پوور ئێستا لە بەندی ١-٢ و عەبدولعەزیز محەممەدپووریش لە بەندی ٣دایە.