بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی هەینی ٣٠ گەڵاڕێزان، زیندانیی سیاسیی کورد سەکینە پەروانە کە لە ڕۆژی ١٠ی گەڵاڕێزانەوە بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی لە بەرانبەر ئەگەری دوورخستنەوەیدا بۆ زیندانی ئێسفەهان مانی لە خواردن گرتبوو، لەسەر داوای هاوبەندییەکانی لە بەندی ژنانی زینداندا، بە شێوەی کاتی کۆتایی بە مانگرتنەکەی هێنا. ئەم زیندانییە سیاسییە لەم چەند ڕۆژەی دواییدا و پاش ئەوەی دۆخی تەندروستیی ڕووی لە خراپبوون کردبوو، ڕەوانەی نەخۆشخانەی زیندان کرابوو و لەسەر داوای پزیشکەکان ڕازی ببوو سێرۆمی لێ بدرێت.

ناوبراو لە هەشتەمین ڕۆژی مانگرتنەکەیدا لێوەکانی دوورییەوە، کەچی بەم حاڵەشەوە کەوتە بەر پەلامار و لێدانی قوربانی، بەرپرسی پاراستنی زیندان، و دوو کاربەدەستی ئەمنی و ڕەوانەی ژووری تاکەکەسی کرابوو.

ئاسەواری لێدان و ئەشکەنجەی کاربەدەستە ئەمنییەکان بەسەر جەستەی ئەم زیندانییە سیاسییەوە دیارە و دەوترێت سکاڵای لە بەرپرسی پاراستنی زیندان کردووە، بەڵام تا ئێستا بەرپرسان هیچ بەدواداچوونێکیان بۆ داواکارییەکەی نەکردووە.

ئەم زیندانییە سیاسییە لە هەشتەمین ڕۆژی مانگرتنەکەیدا بە دوورینەوەی لێوەکانی داوای کردبوو لێکۆڵینەوەی یاسایی لەو ئەشکەنجانە بکرێ کە لە کۆتاییەکانی خاکەلێوەی ئەمساڵدا لە نەخۆشخانەی دەروونپزیشکیی ئەمین‌ئاوای شاری ڕەی ڕووبەڕووی کرابوویەوە.

ناوبراو لە کۆتاییەکانی خاکەلێوەی ئەمساڵدا لە ژووری تاکەکەسیی زیندانی قەرچەکی وەرامینەوە ڕەوانەی نەخۆشخانەی دەروونپزیشکیی ئەمین‌ئاوای شاری ڕەی کرابوو و سەرەڕای داواکاریی پزیشکەکان لەسەر گەڕاندنەوەی بۆ ناو زیندان، بۆ ماوەی یەک مانگ لە دۆخی سەختی ئەم نەخۆشخانەیەدا ڕاگیرابوو.

سەکینە پەروانە پێشتر بە بڵاوکردنەوەی نامەیەک لە ڕێکەوتی ٥ی پووشپەڕدا باسی ڕەوتی دەستبەسەرکران و ئەو ئازار و ئەشکەنجانەی کردبوو کە لە کاتی زیندانیبووندا ڕووبەڕووی کراوەتەوە. به‌پێی قسه‌كانی خانمی سه‌كینه‌، بەرپرسە ئه‌منییەکانی كۆماری ئیسلامی له‌ سه‌ره‌تاكانی پاییزی ١٣٨٩دا به‌ بیانووی چاوپێكه‌وتن له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌کەیدا له ‌شاری سلێمانیی كوردستانی ئێراق، دوای ئەوەی دەینێرنە سنووری ئێران و ئێراق، ماوه‌ی ١٠ ڕۆژ له‌ ده‌ستبه‌سه‌رگه‌كانی مه‌ریوان و سنه‌دا گێڕاویانە و‌ دواتر ناردوویانه‌ته‌ زیندانی ئێڤین. قۆناغی ده‌ستبه‌ربوونی ناوبراو لە دۆخێکی دژوار و لە ژێر سه‌ختترین ئه‌شكه‌نجه‌ی جه‌سته‌ییدا، له‌ به‌نده‌كانی دووی ئه‌لف، ٢٠٩ و ژنانی زیندانی ئێڤیندا تێپەڕیوە.

پەیام دوڕئەفشان، پارزه‌ری ئه‌م به‌ندكراوه‌ سیاسییه کە خۆیشی ئێستا لە بەندیخانەدایە، رۆژی ٥ی جۆزه‌ردانی ئەمساڵ ڕایگەیاند که لقی ٢٦ی دادگای شۆڕشی تاران سزای ٥ ساڵ زیندان و ٢ ساڵ قەدەغەکردنی‌ ئه‌ندامێتی له‌ ده‌سته‌ و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی بە سەر ئەو خانمەدا سەپاندووە. بەپێی حوكمی دادگا، تۆمه‌تی په‌روانە بریتییە لە «ئه‌ندامێتی له‌ گرووپه‌كانی دژ به‌ حکوومەتدا به‌ مەبەستی تێکدانی ئاسایشی وڵات».

سەکینە پەروانە لە خاکەلێوەی ئەمساڵدا لەبەر نووسین و وتنەوەی دروشم لە زیندانی ئێڤیندا، گواسترایەوە بۆ زیندانی قەرچەکی وەرامین و دوای ٤ ڕۆژ مانەوە لە ژووری تاکەکەسیدا ڕەوانەی نەخۆشخانەی دەروونپزیشکیی ئەمین‌ئاوای شاری‌ڕەی کرا. ناوبراو لە ١٤ی پووشپەڕ و لە حاڵێکدا کە کە ئاسەواری لێدان و ئەشکەنجە بەسەر جەستەیەوە دیار بوو، دیسان گەڕێنرایەوە بۆ زیندانی ئێڤین و دادگایەک لە گەلاوێژی ئەمساڵدا بە تۆمەتی «ئاژاوەنانەوە لە زینداندا» حوکمی ٢ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپاند.