نیوەڕۆی ڕۆژی ڕابردوو دوابەدوای ئەوەی زیندانییەک بە ناوی حوجەت کازم‌نژاد بۆ نیشاندانی ناڕەزایەتی ئاگری لە جەستەی خۆی بەر دا و کەوتە بەر لێدانی گاردی زیندانەوە، بە دەیان زیندانیی بەندی ١-٢ی زیندانی ناوەندیی ورمێ پشتیوانییان لەو زیندانییە کردووە و بە گژ گاردی تایبەتی زینداندا چوونەتەوە. دوابەدوای کەوتنەوەی ئاگر لەم بەندەدا، تەلەفۆنەکانی هەرهەموو بەندەکان داخراوە و هێزەکانی گارد لەسەر بانی زیندانەکە جێگیر کراون.

سەرچاوەیەک لە ورمێوە وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وت: «لە نزیکەی ٢٥ ڕۆژ لەمەوپێشەوە و سەرەڕای کۆتاییهاتنی حوکمە یەک ساڵەکەی حوجەت کازم‌نژاد، بەرپرسانی زیندان بە بیانووی دروستکردنی دۆسیەیەکی تازە لە زیندان پێشیان لە ئازادبوونی گرتووە. ئەم زیندانییە حەفتەی ڕابردوو بە دوورینەوەی لێو مانگرتن لە خواردنی دەست پێ کردبوو و دوای چەند ڕۆژ لەسەر بەڵێنی بەرپرسانی زیندان کۆتایی بە مانگرتنەکەی هێنابوو».

بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، «نیوەڕۆی رۆژی ڕابردوو ئەم بەندکراوە لە بەردەم نووسینگەی پاسەوانیدا ئاگری لە جەستەی خۆی بەر دا، بەڵام گاردی زیندان ئاگرەکەی کوژاندەوە و بە سەختی کەوتە بەر لێدانیانەوە. دوای ئەوەی هاوبەندییەکانی لە بەندی ١-٢ لە ڕووداوەکە ئاگادار بوونەوە، دەستیان دایە ناڕەزایی و بە گژ گاردی زینداندا چوونەوە».

ئەم سەرچاوەیە دەڵێ ئاگرێکی گەورە لەم بەندەدا کەوتۆتەوە و گازی فرمێسک‌ڕێژ خراوەتە نێو بەندەکەوە: «بە دەستووری بەرپرسانی زیندان هەموو تەلەفۆنەکانی ئەم زیندانە داخراون و هێزەکانی گاردی تایبەت لەسەر بانی زیندانەکە دامەزرێنراون و دۆخێکی تەواوئەمنی بەسەر بەندیخانەکەدا زاڵە. گاردی زیندان دەیەوێ لەڕێی تەقاندنی گازی فرمێسک‌ڕێژەوە بچێتە ناو بەندەکەوە، بەڵام تا ئێستا زیندانییەکان هەر لە بەرگریدان و ئیجازەی چوونەناوەوەیان پێ نەداون».

بەندی ١-٢ زیاتر لە ٧٠٠ زیندانیی تێدایە کە زۆربەیان لەسەر هەندێ تاوانی وەک «کوشتن» و «مادە سڕکەرەکان» گیراون.