سه‌رله‌به‌یانیی ئه‌مڕۆ ٢٤ی سه‌رماوه‌ز، به‌ندكراوی سیاسیی كورد سه‌كینه‌ په‌روانه‌، به‌ هۆكارێكی نادیار له ‌به‌ندیخانه‌ی قۆچان گواسترایه‌وه‌ بۆ دادسەرای گشتی و شۆڕشی مه‌شهه‌د و دواتریش ڕه‌وانه‌ی قه‌ره‌نتینه‌ی به‌ندیخانه‌ی ئه‌م شاره‌ كراوه‌.

به‌پێی زانیارییه‌كانی تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی كوردستان، كاتژمێر ٢٢ی شه‌وی ڕابردوو ئه‌م به‌ندكراوه‌ سیاسییه‌ به‌ هۆكارێكی نادیار له‌ به‌ندیخانه‌ی قۆچانەوە گواستراوه‌ته‌وه‌ بۆ یه‌كێك له‌ ده‌ستبه‌سه‌رگه‌ ئه‌منییه‌كانی‌ شاری مه‌شهه‌د و سەرلەبەیانیی ئەمڕۆش براوەتە بەندی قه‌ره‌نتینه‌ی به‌ندیخانه‌ی ئەو شارە.

ده‌وترێ گواستنه‌وه‌ی ئه‌م به‌ندكراوه‌ سیاسیه‌ له‌ به‌ندیخانه‌ی شوێنی نیشته‌جێبوونی بنه‌ماڵه‌كه‌یەوە بۆ به‌ندیخانه‌ی شاری مه‌شهه‌د له‌ حاڵێكدا ڕووی داوه‌ كه‌ ناوبراو له‌ كاتی ده‌ستبه‌سه‌ربوونیه‌وه‌ تا هه‌نووكه‌ لەبه‌ر گوشار و زەختی دەزگای ئیتلاعاتی سپا، مافی چاوپێكه‌وتن و دیداری بنه‌ماڵه‌کەیی لێ زەوت کراوە. 

ئه‌م به‌ندكراوه‌ سیاسیه‌ مانگی ڕابردوو دوای ئه‌وه‌ی که‌ به‌رپرسانی زیندان باسی‌ ئه‌گه‌ری دوورخستنه‌وه‌یان بۆ به‌ندیخانه‌ی ئیسفه‌هان كردبوو، بۆ ماوه‌ی بیست ڕۆژ به‌ نیشانه‌ی ناڕه‌زایه‌تی ده‌ربڕین مانی له‌ خواردن گرتبوو. ناوبراو له‌ ماوه‌ی مانگرتنه‌كه‌ی و له‌ حاڵێكدا کە چه‌ندین ڕۆژ بوو لێوه‌كانی دووریبوویه‌وه،‌ كه‌وتبووه‌ ژێر ئه‌شكه‌نجه‌ و لێدانی هێزه‌ ئه‌منییه‌كانەوە.

ناوبراو له‌ كۆتاییه‌كانی مانگی خاكه‌لێوه‌ی ئه‌مساڵدا له‌ ژووری تاكه‌كه‌سیی به‌ندیخانه‌ی قه‌رچه‌كی وه‌رامینەوە ڕه‌وانه‌ی نەخۆشخانەی ده‌روونپزیشكیی ئه‌مین‌ئاوای شاری‌ڕه‌ی كرا و سه‌ره‌ڕای داواکاریی پزیشكه‌كان لەسەر گه‌ڕاندنه‌وه‌ی بۆ به‌ندیخانه‌، بۆ ماوه‌ی مانگێك له‌ دۆخی دژواری ئه‌م نه‌خۆشخانه‌یه‌دا ڕاگیرا.

سەکینە پەروانە پێشتر بە بڵاوکردنەوەی نامەیەک لە ڕێکەوتی ٥ی پووشپەڕدا باسی ڕەوتی دەستبەسەرکران و ئەو ئازار و ئەشکەنجانەی کردبوو کە لە کاتی زیندانیبووندا ڕووبەڕووی کراوەتەوە. به‌پێی قسه‌كانی خانمی سه‌كینه‌، بەرپرسە ئه‌منییەکانی كۆماری ئیسلامی له‌ سه‌ره‌تاكانی پاییزی ١٣٨٩دا به‌ بیانووی چاوپێكه‌وتن له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌کەیدا له ‌شاری سلێمانیی كوردستانی ئێراق، دوای ئەوەی دەینێرنە سنووری ئێران و ئێراق، ماوه‌ی ١٠ ڕۆژ له‌ ده‌ستبه‌سه‌رگه‌كانی مه‌ریوان و سنه‌دا گێڕاویانە و‌ دواتر ناردوویانه‌ته‌ زیندانی ئێڤین. قۆناغی ده‌ستبه‌ربوونی ناوبراو لە دۆخێکی دژوار و لە ژێر سه‌ختترین ئه‌شكه‌نجه‌ی جه‌سته‌ییدا، له‌ به‌نده‌كانی دووی ئه‌لف، ٢٠٩ و ژنانی زیندانی ئێڤیندا تێپەڕیوە.

پەیام دوڕئەفشان، پارێزەری ئه‌م به‌ندكراوه‌ سیاسییه کە خۆیشی ئێستا لە بەندیخانەدایە، رۆژی ٥ی جۆزه‌ردانی ئەمساڵ ڕایگەیاند که لقی ٢٦ی دادگای ئینقلابی تاران سزای ٥ ساڵ زیندان و ٢ ساڵ قەدەغەکردنی‌ ئه‌ندامێتی له‌ ده‌سته‌ و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی بە سەر ئەو خانمەدا سەپاندووە. بە پێی حوكمی دادگا، تۆمه‌تی په‌روانە بریتییە لە «ئه‌ندامێتی له‌ گرووپه‌كانی دژ به‌ حکوومەتدا به‌ مەبەستی تێکدانی ئاسایشی وڵات.»

سەکینە پەروانە لە خاکەلێوەی ئەمساڵدا لەبەر نووسین و وتنەوەی دروشم لە زیندانی ئێڤیندا، گواسترایەوە بۆ زیندانی قەرچەکی وەرامین و دوای ٤ ڕۆژ مانەوە لە ژووری تاکەکەسیدا ڕەوانەی نەخۆشخانەی دەروونپزیشکیی ئەمین‌ئاوای شاری‌ڕەی کرا. ناوبراو لە ١٤ی پووشپەڕ و لە حاڵێکدا کە کە ئاسەواری لێدان و ئەشکەنجە بەسەر جەستەیەوە دیار بوو، دیسان گەڕێنرایەوە بۆ زیندانی ئێڤین و دادگایەک لە گەلاوێژی ئەمساڵدا بە تۆمەتی «ئاژاوەنانەوە لە زینداندا» حوکمی ٢ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپاند.