لە ڕۆژانی ڕابردوودا گەنجێکی خەڵکی دیواندەرە بە ناوی مێهرداد تاڵشی کە بە هۆکارێکی نادیار لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی پۆلیسی ئاگاهیی تارانەوە دەستبەسەر کرابوو، لە دەستبەسەرگەی ئەم دامەزراوە سەربازییەدا لە ڕێی ئەشکەنجەدانەوە کوژراوە.
کەسێکی نزیکی ئەم لاوە کە لەبەر هۆکاری ئەمنی نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، لە وتووێژێکدا لەگەڵ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان وتی: “مێهرداد تاڵشی کە خەڵکی دیواندەرە و دانیشتووی تاران بوو، ڕۆژی دووشەممە ١٣ی ڕێبەندان بە هۆکارێکی نادیار لە لایەن هێزەکانی کەلانتەری لە تاران دەستبەسەر کرا و گواسترایەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئاگاهیی شاپوور، کاتژمێر ٥ی دەمەوبەیانیی ڕۆژی چوارشەممە ١٥ی ڕێبەندان تەرمی ئەم کوڕەلاوە لە ئیدارەی ئاگاهییەوە ڕەوانەی نەخۆشخانە کراوە و بنەماڵەکەی لە ڕێی نەخۆشخانەکەوە لە مەرگی کوڕەکەیان ئاگادار کراونەتەوە.”
بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، لە ڕێکەوتی ١٧ی ڕێبەندان و لە کاتی ڕادەستکردنەوەی تەرمەکەدا، بە بنەماڵەکەی ڕاگەیەنراوە کە کوڕەکەیان بە هۆی جەڵدەی دڵەوە لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئاگاهی گیانی لەدەست داوە، بەڵام بە پێچەوانەی ئەم ئیدیعایەوە ئاسەواری ئەشکەنجە لەسەر جەستەی دیار بووە.
ئەم سەرچاوەیە لە درێژەدا وتی: “ لەبەر زەخت وگوشاری ئەمنی و چاوەڕوانی بۆ ڕاگەیاندنی بۆچوونی ڕەسمیی پزیشکیی یاسایی، بنەماڵەی ئەم لاوە تا ئێستا هیچ لێدوانێکیان لەسەر ئەم ڕووداوە نەداوە، بەڵام دەیانەوێ لە ڕۆژانی داهاتوودا داوای یاسایی لەسەر هێزەکانی ئیدارەی ئاگاهی لە تاراندا تۆمار بکەن.”
مێهرداد تاڵشی ٢٠ ساڵی بوو و لەم یەک ساڵەی دواییدا لە بواری مووزیک چالاک بوو.