تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان ئاگادار کراوەتەوە کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا دوو مامۆستا و خوێندکاری کورد بە ناوەکانی سیاوەش عەینی و کەیوان ئەندار دوای کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکان لە دەستبەسەرگەی دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە لە پادگانی ئەلمەهدیی ورمێ، ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ئەم شارە کراون.
کەیوان ئەندار، خوێندکاری لقی زمانی ئینگلیزیی زانکۆی تەورێز لە سەرەتای ڕێبەنداندا و سیاوەش عەینی، مامۆستای قوتابخانەی سەرەتایی لە ڕێکەوتی ١٢ی ڕێبەنداندا لە لایەن هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سپاوە دەستبەسەر کران.
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، هەنووکە ١٢ چالاکی کورد بە ناوەکانی عەزیمه ناسری لە بەندی ژنان، ئەفشین مامئەحمەدی، فەرەیدوون مووسازاده، ئیمان عەبدی، بەهمەن یووسفزاده، سیاوەش عەینی و کەیوان ئەندار لە قەرەنتینەی زیندان و هەروەها سۆران حسێنزاده، سیروان نووری، شەپۆل خزری، حسێن گەردشی و فەرهاد مووساپوور لە بەندی زیندانییانی سیاسیی زیندانی ناوەندیی ورمێدا بەند کراون.
هەروەها لانیکەم ٥٢ چالاکی دەستبەسەرکراوی شەپۆلی نوێ، لە دەستبەسەرگەکانی ئیدارەی ئیتلاعات و دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە شارەکانی ورمێ، سنە و مەریواندان.