بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، عەبدولغەنی دەروێشی، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی ورمێ، دوای ٩ مانگ دەستبەسەربوون بە دانانی بارمتەی یەک میلیارد تمەنی لە زیندانی ناوەندیی ورمێ ئازاد کرا.

عەبدولغەنی دەروێشی لە ڕێکەوتی ٢٢ی گوڵانی ئەمساڵدا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە ورمێ دەستبەسەر کرا و دوای دوو ڕۆژ گواسترایەوە بۆ دەستبەسەرگەی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤین. ناوبراو دوای مانگێک لێپرسینەوە لەم دەستبەسەرگە ئەمنییەدا ڕەوانەی دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ کرا و بۆ ماوەی ٤ مانگ لەسەر هاوکاریکردنی حیزبێکی ئۆپۆزیسیۆنی کوردی خرایە ژێر لێپرسینەوە.

ئەم هاووڵاتییە کوردە لە ڕێکەوتی ١ی گەڵاڕێزاندا لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە ڕەوانەی بەندی ئەمنی زیندانی ناوەندیی ورمێ کرا. ناوبراو لەبەر مانەوەی درێژخایەن لە ژووری تاکەکەسیدا، بە بڕینەوەی بەشێک لە دەماری هەر دوو دەستەکەی هەوڵی خۆکوشتنی دا و دوای ڕۆژێک مانەوە لە نەخۆشخانەی زینداندا، ڕەوانەی بەشی زیندانییانی سیاسی کرا.