تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان ئاگادار کراوەتەوە کە زیندانیی سیاسیی کورد کەمال شەریفی کە سێزدەهەمین ساڵی حوکمی ٣٠ ساڵ زیندان و دوورخستنەوە لە زیندانی مینابدا تێدەپەڕێنێ، حەفتەی ڕابردوو تووشی جەڵدەی دڵ بووە و دوای چوار ڕۆژ خەواندن لە نەخۆشخانەی ئەم شارە، سەرەڕای ئەوەی قۆناغەکانی وەرگرتنی چارەسەری بۆ تەواو نەکراوە، گەڕێنراوەتەوە ناو زیندان.

کەسێکی نزیکی ئەم زیندانییە سیاسییە وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وت: «کەمال شەریفی ڕۆژی ١١ی ڕەشەمە لە زیندانی میناب تووشی جەڵدەی دڵ بووە و ڕەوانەی نەخۆشخانەی ئەم شارە کراوە. بەڵام دوای چوار ڕۆژ خەواندن و سەرەڕای ئەوەی دەبوو درێژە بە چاودێرییە پزیشکییەکان و وەرگرتنی چارەسەرەکان بدرێت و لە حاڵێکدا کە هێشتا دۆخی جێگیر نەببوویەوە، ڕۆژی هەینی ١٥ی ڕەشەمە گەڕێنراوەتەوە ناو زیندان».

بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، پزیشکانی نەخۆشخانەی ئەبولفەزلی شاری میناب لەبەر نەبوونی ئیمکانی ئەنژیۆگرافی لە میناب، داوایان کردبوو ناوبراو ڕەوانەی نەخۆشخانەیەک لە بەندەرعەباس بکرێت، بەڵام تا ئێستا هیچ هەنگاوێک بەم ئاراستەیەدا هەڵنەگیراوە. ئەم زیندانییە سیاسییە پێشتر و لە دوای دوورخرانەوە بۆ ئەم زیندانە، جارێکی دیکەیش تووشی جەڵدەی مێشک ببوو.

کەمال شەریفی، خەڵکی سەقز، ڕێکەوتی ٥ی جۆزەردانی ١٣٨٧ لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرا. هێزە ئەمنییەکان لە کاتی دەستبەسەرکردنیدا تەقەیان کردبوو کە لە ئەنجامدا هاوڕێیەکی گیانی لەدەست دابوو. ناوبراو بۆ ماوەی ٦ مانگ لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە بە تۆمەتی ”ئەندامبوون لە حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێراندا” لێپرسینەوەی لێ کرا و بە درێژایی ئەم ماوەیە و بە مەبەستی ناچارکردنی بە دانپیانانی زۆرەملێ، خرابوویە ژێر ئەشکەنجەی جەستەیی و ڕۆحییەوە. ئەم زیندانییە سیاسییە لە سەرماوەزی ١٣٧٦دا لە لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی سەقز بە سەرۆکایەتیی دادوەر ”شایەق”، بە تۆمەتی ”موحارەبە” لە ڕێگەی شەڕی چەکدارییەوە لەگەڵ حکوومەتی ئیسلامی و ئەندامبوون لە حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێراندا، بەپێی مادەکانی ١٨٦ و ١٩٠ی یاسای سزادانی ئیسلامی، حوکمی ٣٠ ساڵ زیندان و دوورخستنەوە بۆ زیندانی مینابی بەسەردا سەپا.

بەپێی دادنامەکە کە نوسخەیەکی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەم زیندانییە سیاسییە ”بە درێژایی ماوەی زیندانەکەی بۆی نییە لەگەڵ زیندانییەکانی تردا هاتوچۆ و دەمەتەقێ بکات و هەموو مافێکی دیدار و نامەگۆڕینەوە لەگەڵ هەموو کەسی لێ زەوت دەکرێت و دەبێ سەرجەم ماوەی حوکمەکەی هەر لە زینداندا بەسەر ببات”.

کەمال شەیفی لە ساتەوەختی دەستبەسەربوونیەوە تا ئێستا، تەنیا یەک جار توانیویەتی بنەماڵەکەی ببینێت، ئەویش پاش دوورخستنەوەی بۆ زیندانی میناب و مانگرتن لە خواردن.