تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان ئاگادار کراوەتەوە کە ٦ هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی بێهزاد ئەدوایی، فەرەیدوون بایزیدی، سەید لوقمان تاهیری، واحید شێخ موحەممەدی، فەیسەڵ عەلی ئابادی و جوبرەییل شەعبانی بە دانانی بارمتە لە زیندانەکانی شنۆ و مەریوان ئازاد کراون. ئەم کەسانە لە رەوتی شەپۆلی ئەم دواییانەی دەستبەسەرکردنی هاووڵاتییان و چالاکانی کورد لە شارەکانی سەوڵاوا و شنۆ لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرابوون.
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٤ی ڕەشەمە بيهزاد ئەدوایی، هاووڵاتیی خەڵکی گوندی سلێنی سەوڵاوا کە ڕۆژی ٥ی ڕێبەندان لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لەم گوندەدا دەستبەسەر کرابوو، بە دانانی بارمتە لە زیندانی مەریوان ئازاد کرا. ناوبراو ڕۆژی ڕابردوو دوای کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکان لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریوانەوە ڕەوانەی زیندانی ئەم شارە کرابوو.
هەروەها پێنج هاووڵاتیی دیکەی خەڵکی شنۆ بە ناوەکانی فەرەیدوون بایزیدی، سەید لوقمان تاهیری، واحید شێخ موحەممەدی، فەیسەڵ عەلی ئابادی و جوبرەییل شەعبانی کە لە ڕۆژانی ٩ و ١٠ی ڕێبەندان لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لەم شارە دەستبەسەر کرابوون، بە دانانی بارمتە ئازاد کراون. ئەم کەسانە دوای کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکان لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێوە ڕەوانەی زیندانی شنۆ کرابوون.
لە ڕێکەوتی ٢٠ی بەفرانبار و لەگەڵ دەسپێکردنی شەپۆلی بەربڵاوی دەستبەسەرکردنی هاووڵاتییان و چالاکانی کورددا زیاتر لە ١٠٠ کەس لە شارە جۆراوجۆرەکاندا دەستبەسەر کران. بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، تا ئێستا لانیکەم ٥٣ کەس لە چالاکانی دەستبەسەرکراو بە دانانی بارمتە ئازاد کراون و لانیکەم ٣٤ چالاکی دەستبەسەرکراو هێشتا هەر لە دەستبەسەرگەکانی ئیدارەی ئیتلاعات و دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی شارەکانی ورمێ، سنە و مەریواندان.