تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی كوردستان ئاگادار كراوه‌ته‌وه‌ کە دوێنێ ١٥ی خاكه‌لێوه‌(٤ی ئاوریل)، به‌ندكراوی سیاسیی كورد وه‌حید نه‌بیزاده‌، دوای دوازده‌ ساڵ زیندان و پاش ڕەزامەندیی شۆرای پۆلێنبه‌ندیی زیندانی زه‌نجان لەگه‌ڵ‌ داواكاریی ئازادیی مه‌رجداردا بۆ حوکمەکەی، له‌زیندان ئازاد كراوە.

ئه‌م به‌ندكراوه‌ سیاسییه‌ له‌ ماوه‌ی ئه‌و دوازده ‌ساڵه‌دا مافی هاتنه‌ ده‌ره‌وه‌ی كاتیی لێ زه‌وت كرابوو.

وه‌حید نه‌بیزاده‌، خه‌ڵكی گوندی ”گوڵئاده‌م”ی سه‌ڵماسه‌ كه‌ له‌ ساڵی ١٣٧٨ (٢٠٠٨)، له‌ لایه‌ن هێزه‌ئه‌منییه‌كانه‌وه‌ ده‌ستبه‌سه‌ر و ماوه‌ی ٢٤ مانگ له‌ ژێر لێپرسینه‌وه‌و زه‌خت و گوشاردا بوو‌. ناوبراو دواتر ره‌وانه‌ی زیندانی سه‌ڵماس كراو و دوای چه‌ند مانگ له‌ لایه‌ن دادگای شۆڕشی خۆیه‌وه‌ به‌ سه‌رۆكایه‌تیی دادوه‌ر نه‌ورۆزی، به‌تۆمه‌تی ”موحارەبه”‌له‌ڕێگه‌ی ئه‌ندامبوونەوە له‌ پارتی ژیانی ئازادی كوردستاندا (په‌ژاك)، سزای ئێعدامی به‌سه‌ردا سه‌پا. 

ئه‌م حوكمه‌ دوای پێشکەشکردنی داوای پیاچوونەوە، له‌ دیوانی باڵای ئێراندا كه‌م كرایه‌وه‌بۆ ٢٥ ساڵ زیندان و دوور خستنه‌وه‌ بۆ زیندانی زه‌نجان.