بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، لە ڕۆژانی ڕابردوودا هاووڵاتییەکی تورکی خەڵکی سەڵماس بە ناوی ڕەزا عەباسی بە مەبەستی جێبەجێکردنی حوکمی ١٤ مانگ زیندانیکردن ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ورمێ کراوە.

ئەم هاووڵاتییە لە گەلاوێژی ساڵی ڕابردوودا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شاری سەڵماس دەستبەسەر کرا و دوای مانگێک مانەوە لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعات و زیندانی ورمێ، بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ میلیۆن تمەنی ئازاد کرا.

ناوبراو لە زستانی ساڵی ڕابردوودا لە لایەن لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ئیسلامیی ورمێوە بە تۆمەتی «بانگەشەی دژی حکوومەت» و «سووکایەتیکردن بە ڕێبەری کۆماری ئیسلامی» بە گشتی حوکمی ٣ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپا. ئەم حوکمە لە کۆتایی ساڵی ڕابردوودا لە لقی ١٣ی دادگای پیاچوونەوەی ورمێ گۆڕرا بۆ ١٤ مانگ زیندان.