دوو زیندانیی سیاسی و مەزهەبیی کورد بە ناوەکانی سەفەر نووری و ئەحمەد ئیلاهی دوای ڕاگەیاندنی لێبوردنە تازەکەی دەزگای دادوەری سەبارەت بە ئازادکردنی ئەو زیندانییانەی حوکمەکەیان کەمترە لە ٦ مانگ زیندان، لە زیندانی ورمێ ئازاد کران.
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی ڕابردوو ٥ی جۆزەردان (٢٦ی مەی) سەفەر نووری، زیندانیی سیاسیی خەڵکی گوندی «ئەنبێ»ی ورمێ، لە حاڵێکدا کە زیاتر لە ٦ مانگ لە حوکمە ١ ساڵییەکەی خۆی تێپەڕاندبوو لە زیندانی ورمێ ئازاد کراوە. هەروەها نیوەڕۆی ئەمڕۆ ٦ی جۆزەردان (٢٧ی مەی) ئەحمەد ئیلاهی، زیندانیی مەزهەبیی خەڵکی مەهاباد دوای تێپەڕاندنی ٧ مانگ لە حوکمە ٩ مانگییەکەی لە زیندان ئازاد کرا.
سەفەر نووری لەگەڵ سێ هاووڵاتیی دیکەی خەڵکی گوندی ئەنبێی ورمێدا بە ناوەکانی عەلی عەزیزی، فەرهاد نووری و پەرویز نووری لە ڕێکەوتی ٢٤ی گەلاوێژی ساڵی ڕابردوودا لە لایەن هێزەکانی ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سپای ورمێوە دەستبەسەر کرا. ئەم چوار هاووڵاتییە کوردە دوای ٢٨ ڕۆژ لێپرسینەوە لە دەستبەسەرگەی ڕێکخراوی ئیتلاعاتی سپای ورمێ، گواسترانەوە بۆ زیندانی ئەم شارە و لە پاییزی هەمان ساڵدا بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ میلیۆن تمەنی ئازاد کران. دادگای ئەم چوار هاووڵاتییە لە خەرمانانی ئەمساڵدا لە لقی ٢ی دادگای شۆڕشی ورمێ بەڕێوە چوو و لەم دادگایەدا تۆمەتەکان لەسەر پەرویز نووری لاچوو و فەرهاد نووری، سەفەر نووری و عەلی عەزیزی بە تۆمەتی «چالاکیی دژی ئاسایشی نەتەوەیی» لە ڕێگای ئەندامبوونەوە لە حیزبێکی کوردیدا، هەرکامەو حوکمی ٥ ساڵ زیندانیان بەسەردا سەپا. دوای ئەوەی ئەم کەسانە تانەیان لە حوکمەکە دا، دۆسیەکە نێردرایە بەردەم لقی ١٣ی دادگای پێداچوونەوەی ورمێ و حوکمی دوو کەسیان گۆڕرا بۆ یەک ساڵ و عەلی عەزیزییش تۆمەتەکانی لەسەر لاچوو.
هەروەها ئەحمەد ئیلاهی لە گەڵاڕێزانی ساڵی ١٣٩٧دا لە ڕەوتی دەستبەسەرکردنی بەربڵاوی هاووڵاتییان و چالاکانی مەزهەبیدا لە شاری مەهاباد دەستبەسەر کرا و دوای دوو مانگ لێپرسینەوە لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ بە دانانی بارمتە ئازاد کران. ناوبراو لە لایەن لقی دووهەمی دادگای شۆڕشی ورمێوە بە تۆمەتی «هاوکاریکردنی گرووپە مەزهەبییەکان» حوکمی ١ ساڵ زیندانی بۆ بڕایەوە. ئەم حوکمە دوای قبووڵکران لە لایەن ئەم زیندانییە مەزهەبییەوە کەم کرایەوە بۆ ٩ مانگ زیندان. ناوبراو نزیکەی ٥ مانگ لەمەوپێش بە مەبەستی تێپەڕاندنی حوکمەکەی ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ورمێ کرابوو.