سێ چالاکوانی کورد بە ناوەکانی ڤیان محەممەدی، فەرزاد سامانی و ساکار عەینی لە دەستبەسەرگەی دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی ورمێوە گواسترانەوە بۆ قەرەنتینەی زیندانی ناوەندیی ئەم شارە. هاوکات هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووسی محەممەد هوشەنگی، چالاکوانی کورد کە لەگەڵ ئەم کەسانە لە دەستبەسەرگەی دەزگای ئیتلاعاتی سپا بووە، لە بەردەستدا نییە. 

فارووق سامانی، برای فەرزاد سامانی، لە وتووێژ لەگەڵ تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستاندا ڕایگەیاند کە ڕۆژی ڕابردوو ١١ی جۆزەردان، فەرزاد سامانی و ساکار عەینی کە لە ڕێکەوتی ٢٠ی بەفرانباری ساڵی ڕابردوودا لە لایەن هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سپاوە لە شاری تاران دەستبەسەر کرابوون، بە بڕیاری دەستبەسەربوونی کاتییەوە گواستراونەتەوە بۆ قەرەنتینەی زیندانی ناوەندیی ورمێ.

بە وتەی ناوبراو، ئەم دوو چالاکوانە دەستبەسەرکراوە سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ پێوەندییەکی کورتی تەلەفۆنییان لەگەڵ بنەماڵەکانیاندا گرتووە و فەرزاد سامانی کە لە ڕێکەوتی ١١ی جۆزەردانەوە بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی لە بەرامبەر درێژکردنەوەی بڕیاری دەستبەسەربوونی کاتیی خۆیدا مانی لە خواردن گرتبوو، ڕۆژی ڕابردوو کۆتایی بە مانگرتنەکەی هێناوە.

هەروەها ڤیان محەممەدی، چالاکی مەدەنی و خوێندکاری بەڕێوەبەری (مدیریت) کە لە ڕێکەوتی ١٠ی گوڵانی ئەمساڵدا لە لایەن هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە لە ماڵەکەی خۆیان لە تاران دەستبەسەر کرابوو، لە پێوەندییەکی کورتی تەلەفۆنیدا ڕایگەیاندووە کە بۆ ئازادبوونی کاتیی بڕیاری دانانی بارمتە دیاری کراوە.

دەوترێت محەممەد هووشەنگی، چالاکێکی دیکەی کورد کە لە ڕێکەوتی ٢١ی بەفرانبارەوە لە لایەن دەزگای ئیتلاعاتی سپاوە دەستبەسەر کراوە، تا ئێستاش هەر لە دەستبەسەرگەی دەزگای ئیتلاعاتی سپا لە پادگانی ئەلمەهدیی ورمێدایە و مافی دیدار و پێوەندی لەگەڵ بنەماڵەی لێ زەوت کراوە.

لە ڕەوتی شەپۆلی بەربڵاوی دەستبەسەرکردنی چالاکانی کورد لە بەفرانباری ساڵی ڕابردوو لە شارە جیاجیاکاندا، زیاتر لە ١٢٠ هاووڵاتی و چالاکوانی کورد لە لایەن هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سپا و وەزارەتی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کران.