ڕۆژی یەکشەممە ٦ی پووشپەڕ زیندانیی سیاسیی کورد نایب حاجیزادە کە لە زیندانی ناوەندیی ورمێ خەریکی تێپەڕاندنی حوکمە ١٠ ساڵ و یەک ڕۆژەکەیەتی، لە هۆڵە سەرەکییەکەی زینداندا کەوتە بەر پەلامار و لێدانی چەندین زیندانیی ئاسایی و دوای ئامادەبوونی بەرپرسانی زیندان بە بیانووی «سووکایەتیکردن بە ڕێبەری کۆماری ئیسلامیی ئێران» ڕەوانەی قەرەنتینە کرا.
بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، نیوەڕۆی ٦ی پووشپەڕ نایب حاجیزادە لە هۆڵە سەرەکییەکەی زینداندا کەوتۆتە بەر پەلامار و لێدانی چەندین زیندانیی ئاساییەوە. دوای ئامادەبوونی بەرپرسانی زیندان ناوبراو گەڕایەوە بەندی زیندانییانی سیاسی، بەڵام دوای کاتژمێرێک ئەمجار لە نێوان ئەو دوو زیندانییە و زیندانییە سیاسییەکاندا لە بەردەم نووسینگەی پاسەوانیی زینداندا تێکهەڵچوون ڕووی دا.
بە وتەی سەرچاوە ئاگادارەکەی ئێمە، دوای ئامادەبوونی بەرپرسی گشتیی زیندانەکانی پارێزگا و هەروەها سەرۆک و سەرۆکی بەشی پاراستنی زیندان، زیندانییە ئاساییەکان ئیدیعایان کردووە کە نایب حاجیزادە سووکایەتیی بە ڕێبەری کۆماری ئیسلامی کردووە و هەر بۆیە ئەمان لێیان داوە.
ئەم سەرچاوەیە لە درێژەدا وتی: «یەک لە زیندانییە ئاساییەکان ڕەوانەی نەخۆشخانەی زیندان کراوە، بەڵام بە دەستووری بەرپرسانی زیندان نایب حاجیزادە گواستراوەتەوە بۆ قەرەنتینەی زیندان».
نایب حاجیزادە، هاووڵاتیی خەڵکی ورمێ، لە ڕێکەوتی ١٦ی ڕەزبەری ١٣٩٨دا لەگەڵ ٤ هاووڵاتیی دیکە بە ناوەکانی کامران قاسمی، کەیوان ڕەشۆزادە، ئومید سەعیدی و عەبدولعەزیز محەممەدپووردا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و پاشان ڕەوانەی دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ کران و دوای مانگێک لێپرسینەوە گواسترانەوە بۆ زیندانی ناوەندیی ورمێ.
دادگاییکردنی ئەم هاووڵاتییانە لە سەرماوەزی ١٣٩٩دا لە لقی دووهەمی دادگای شۆڕشی ورمێ بەڕێوە چوو و هەر پێنجەکەیان بە تۆمەتی «چالاکیی دژی ئاسایشی نەتەوەیی» لە ڕێگەی ئەندامێتییەوە لە حیزبی کۆمەڵەدا، حوکمی ١٠ ساڵ و ڕۆژێک زیندانیان بەسەردا سەپا.