لەسەر سکاڵای ئەمیر سوهرابی، سەرۆکی زیندانی ناوەندیی ورمێ، بە تۆمەتی «تێکدانی دۆخی زیندان» دوسیەیەک نوێ بۆ سێ زیندانیی سیاسیی کورد بە ناوەکانی نایب حاجیزادە، نایب عەسکەری و کەیهان موکەڕەم کرایەوە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە ٢١ی پووشپەڕ نایب حاجیزادە، نایب عەسکەری و کەیهان موکەڕەم بانگهێشتی بەردەم لقی یەکەمی دادیاریی ورمێ کراون و دوای ڕاگەیاندنی فەرمیی تۆمەتی «تێکدانی دۆخی زیندان» پێیان، گەڕێنراونەتەوە بۆ زیندانی ورمێ.
لە ڕێکەوتیی ٦ی پووشپەڕدا نایب حاجیزادە لە هۆڵە سەرەکییەکەی زینداندا کەوتە بەر پەلامار و لێدانی دوو زیندانیی ئاساییەوە. دوای ئامادەبوونی بەرپرسانی زیندان ناوبراو گەڕایەوە بەندی زیندانییانی سیاسی، بەڵام دوای کاتژمێرێک ئەمجار لە نێوان ئەو دوو زیندانییە و زیندانییە سیاسییەکاندا لە بەردەم نووسینگەی پاسەوانیی زینداندا تێکهەڵچوون ڕووی دا.
کردنەوەی ئەم دۆسیە تازەیە لەسەر داوای ئەمیر سوهرابی، سەرۆکی زیندانی ناوەندیی ورمێ، بووە و ئەو دوو زیندانییەی پەلاماری نایب حاجیزادەیان داوە وەک شایەتحاڵ براونەتە بەردەم دادگاکە.
نایب حاجیزادە لە ڕێکەوتی ١٦ی ڕەزبەری ١٣٩٨دا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و لە سەرماوەزی ١٣٩٩دا لە لایەن لقی دووهەمی دادگای شۆڕشی ورمێوە بە تۆمەتی «چالاکیی دژی ئاسایشی نەتەوەیی» لە ڕێگەی ئەندامێتییەوە لە حیزبی کۆمەڵەدا، حوکمی ١٠ ساڵ و ڕۆژێک زیندانی بەسەردا سەپا.
کەیهان موکەڕەم لە ڕێکەوتی ١٧ی پووشپەڕی ١٣٩٨دا لە لایەن هێزەکانی سپای پاسدارانەوە لە گوندی «ئەنبێ»ی نزیک ورمێ دەستبەسەر کرا و دوای دوو مانگ دەستبەسەربوون بە دانانی بارمتە تا کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی دادگا بە شێوەی کاتی ئازاد کرا. ئەم هاووڵاتییە کوردە ماوەیەک لەمەوپێش لە لایەن لقی دووهەمی دادگای شۆڕشی ورمێوە بە تۆمەتی «هاوکاریکردنی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک)» حوکمی ٥ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپا. ئەم حوکمە دوای تانەلێدانی ئەم زیندانییە سیاسییە، لە دادگای پیاچوونەوەی ورمێدا وەک خۆی پەسەند کرایەوە.
نایب عەسکەری، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی ورمێیش لە ڕێکەوتی ٢٧ی جۆزەردانی ئەمساڵدا دوای نزیکەی سێ مانگ مانەوە لە دەستبەسەرگەی دەزگای ئیتلاعاتی سپای ورمێ ڕەوانەی زیندانی ئەم شارە کرا.