بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی ٣ی گەلاوێژ لە کاتی دابەشکردنی بەشەخواردنی زیندانییاندا (شووتی) لە بەندی ٣ی زیندانی ناوەندیی ورمێ، تێکهەڵچوون لە نێوان زیندانییەکاندا ڕووی داوە و لە ئەنجامدا زیندانییەک بە ناوی داوود حەیدەری بە قورسی بریندار ببوو.

ئەم زیندانییە هەمان ڕۆژ و لەبەر قورسبوونی برینەکانی گوازراوەتەوە بۆ نەخۆشخانەیەکی دەرەوەی زیندان و دوای چەند کاتژمێر گیانی لەدەست داوە.

داوود حەیدەری نزیکەی دوو مانگ لەمەوپێش و لەبەر هەندێ تۆمەتی گشتی دەستبەسەر کرابوو و گواسترابوویەوە بۆ زیندانی ناوەندیی ورمێ. دەوترێت هەر سێ حەفتە جارێک لەگەڵ خواردنە دەوڵەتییەکەی زینداندا میوەیەکیش دەدرێ بە زیندانییەکان. هەندێ جار شێوازی نەگونجاوی دابەشکردنی بەشە خواردنە کەمەکە لە لایەن بەرپرسانی زیندانەوە دەبێتە هۆی تێکهەڵچوونی زیندانییەکان.

کەمتر لە مانگێک لەمەوبەریش و لە بەرواری ٢٣ی پووشپەڕ، لە کاتی دابەشکردنی بەشەخواردنی زیندانییانی زیندانی ورمێدا زیندانییەک بە ناوی کەریم بابایی بە هۆی تێکهەڵچوونی زیندانییەکانەوە سەری بریندار بوو و گیانی لەدەست دا.