تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان
یارمەتی

به‌ندكراوان ورمێ

لە ورمێ نایب عەسکەری دوای گواسترانەوە بۆ نەخۆشخانە کۆتایی بە مانگرتنەکەی هێنا

سەرچاوە: تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان — https://kurdistanhumanrights.org/ku/news-ku/prisoners-ku/2021/08/30/p10895

بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی ٦ی خەرمانان نایب عەسکەری لە سێهەم ڕۆژی مانگرتنەکەیدا بە دەستووری بەرپرسانی زیندان ڕەوانەی نەخۆشخانەیەکی دەرەوەی زیندان کراوە و دوای وەرگرتنی تاقیکاریی «ئێم‌ئاڕ‌ئای» گەڕێنراوەتەوە بۆ ناو زیندان. ئەم زیندانییە سیاسییە کوردە دوای گەڕانەوە بۆ زیندان بە شێوەی کاتی کۆتایی بە مانگرتنەکەی هێناوە.
گورچیلەی نایب عەسکەری بەردی تیایە و بە وتەی پزیشک دەبێ هەرچی زووتر نەشتەرگەریی بۆ بکرێت.

ئەم زیندانییە سیاسییە لە ڕۆژی پێنجشەممە ٤ی خەرمانانەوە بە مەبەستی دەربڕینی ناڕەزایی لە بەرامبەر نەدانی مۆڵەتی یاسایی بۆ هەناردنی بۆ نەخۆشخانەی دەرەوەی زیندان و ئەنجامدانی تاقیکارییە پێویستەکان، مانی لە خواردن گرتبوو.

نایب عەسکەری، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی ورمێ، لە ڕێکەوتی ٤ی خاکەلێوەی ئەمساڵدا لە لایەن دەستبەسەرگەی دەزگای ئیتلاعاتی سپای ورمێوە دەستبەسەر کرا و دوای ٣ مانگ مانەوە لە دەستبەسەرگەی ئەم دامەزراوە ئەمنییە ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ئەم شارە کرا. تۆمەتی «موحارەبە» لە ڕێگەی ئەندامێتییەوە لە پارتی ژیانی ئازادی کوردستاندا (پەژاک) ڕووبەڕووی ناوبراو کراوەتەوە.

دەوترێت ناوبراو کە لە چەند ساڵی ڕابردوودا نیشتەجێی هەرێمی کوردستان بووە، ساڵی ١٣٩٧ لە لایەن دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێوە بە شێوەی غیابی و بە تۆمەتی «موحارەبە» لە ڕێگەی ئەندامێتییەوە لە پارتی ژیانی ئازادی کوردستاندا (پەژاک) حوکمی ئێعدامی بۆ بڕاوەتەوە، بەڵام تا ئێستا دۆسیەکەی بە هەڵپەسێردراوی ماوەتەوە و لێپرسەوە ئەمنییەکانی سپای پاسداران لەو کاتەدا کە ناوبراو لە دەستبەسەرگەی دەزگای ئیتلاعاتی سپادا بووە، وتوویانە دیسانەوە دادگایی دەکرێتەوە.

ئەم زیندانییە سیاسییە لە گەلاوێژی ئەمساڵدا و دوابەدوای تێکهەڵچوونێک لە نێوان چەند زیندانییەکی سیاسی و زیندانییانی تاوانە ئاساییەکاندا، لەسەر سکاڵای سەرۆکی زیندانی ورمێ و لەگەڵ دوو زیندانیی سیاسیی کوردی تردا بە ناوەکانی کەیهان موکەڕەم و نایب حاجیزادە، بە تۆمەتی «تێکدانی دۆخی زیندان» هەرکامەو حوکمی ٥٠ قامچی و ٣ مانگ زیندانیان بەسەردا سەپا. ئەم دۆسیەسازییە دوابەدوای پەلاماردان و لێدانی زیندانییەکی سیاسیی کورد لە لایەن زیندانییانی تاوانە ئاساییەکانەوە ڕووی دابوو.