ئەمڕۆ چوارشەممە ٣١ی خەرمانان، سەرجەم ٤٣ زیندانییە سیاسی و مەزهەبییەکەی بەندی ١٠ی زیندانی ناوەندیی ورمێ وەک ناڕەزایەتییەک لە بەرامبەر مۆڵەتنەدانی شۆرای پۆلێنبەندیی زیندان بە هەناردنی زیندانییە نەخۆشەکان بۆ نەخۆشخانەکانی دەرەوەی زیندان، بەشەخواردنی دەوڵەتییان وەر نەگرتووە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە ورمێ بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وت: «ئێستە ١٢ زیندانیی سیاسی و مەزهەبی کە لە زینداندا تووشی نەخۆشیی جۆراوجۆر بوون، پێویستیان بە هەناردنی بەپەلەیە بۆ نەخۆشخانەی دەرەوەی زیندان و ئەنجامدانی تاقیکارییە پێویستە پزیشکییەکان و تەواوکردنی قۆناغەکانی دەرمان، بەڵام سەرەڕای داواکاریی پزیشکەکانی نەخۆشخانەی زیندان بۆ ئەم هەناردنە، لەبەر ناڕازیبوونی شۆرای پۆلێنبەندیی زیندان تا ئێستا هیچ هەنگاوێک بەم ئاڕاستەیەدا هەڵ نەگیراوە».
٤٣ زیندانی لە بەندی ١٠ی زیندانی ناوەندیی ورمێدان کە بە بەندی زیندانییانی سیاسی ناسراوە. بەپێی ڕاگەیاندنی ئەم سەرچاوەیە، ناوی ئەو ١٢ زیندانییە سیاسی و مەزهەبییەی کە پێویستە بە پەلە بنێردرێنە نەخۆشخانە بریتین لە نایب عەسکەری، نایب حاجیزاده، ئەحمەد تەموویی، محەممەد هووشەنگی، حاتەم ئوزدەمیر، دارا ڕەشیدی، ئەنوەر چالشی، کامیل سیدان مەسکەن، سیروان ئەمینی، موختار ئیبراهیمی، تاهیر حسەینزاده و شاکر بێهرووز.
بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە ٣١ی خەرمانان سەرجەم زیندانییە سیاسی و مەزهەبییەکانی بەندی ١٠ی ئەم زیندانە ئامادە نەبوون بەشەخواردنە دەوڵەتییەکەی خۆیان وەر بگرن و بە پێشکەشکردنی نامەی مانگرتن ڕایان گەیاندووە کە تا دەستبەرکردنی ئامانجەکانیان درێژە بە مانگرتنەکە دەدەن.