بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ڕۆژی ڕابردوو ١٨ی ڕەزبەر ئومید سەرفەراز، هاووڵاتیی کوردی خەڵکی دیواندەرە، دوای ٣ مانگ دەستبەسەربوون لە لایەن دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە، بە دانانی بارمتەی ٨٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی لە دەستبەسەرگەی ئەم دەزگا سەربازی-ئەمنییەوە لە سنە ئازاد کرا.

ئەم هاووڵاتییە لە بەرواری ١٨ی گەلاوێژدا لە لایەن هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە لە شاری دیواندەرە دەستبەسەر کرا و گواسترایەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئەمنیی شەهرامفەر لە سنە. ناوبراو لە ماوەی دەستبەسەربووندا مافی پێوەندیگرتن لەگەڵ پارێزەر و دیداری بنەماڵەی پێ نەدرابوو.

دەوترێت تۆمەتی «هاوکاریکردنی حیزبێکی ئۆپۆزیسیۆنی کوردی» ڕووبەڕووی ئەم هاووڵاتییە کراوەتەوە.