ڕۆژی ڕابردوو هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی کاوە سڵێمانپوور خەڵکی گوندی «خوڕخوڕە»ی مەهاباد، دوای ٧٠ ڕۆژ دەستبەسەربوون بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی لە زیندانی مەهاباد ئازاد کرا. هاوکات ٤ هاووڵاتیی تری خەڵکی ئەم گوندە بە ناوەکانی دیار سڵێمانپوور، فارووق سڵێمانپوور، مەسعوود سڵێمانپوور و موحسێن سڵێمانی کە لە ڕێکەوتی ١٧ی ڕەزبەردا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون، هێشتا هەر دەستبەسەرن.
تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بەدەست هێناوە کە ڕۆژی ڕابردوو ٢٠ی ڕەزبەر، کاوە سڵێمانپوور هاووڵاتیی خەڵکی گوندی «خوڕخوڕە» و دانیشتووی مەهاباد کە لە ڕێکەوتی ١١ی گەلاوێژدا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە مەهاباد دەستبەسەر کرابوو، بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی لە زیندانی مەهاباد ئازاد کراوە. ناوبراو لە ڕۆژانی ڕابردوودا و دوای کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکان لە دەستبەسەرگەیەکی ئەمنیی شاری ورمێوە گواسترابوویەوە بۆ زیندانی مەهاباد.
هەروەها هاوکات ٤ هاووڵاتیی تری خەڵکی گوند خوڕخوڕە بە ناوەکانی دیار سڵێمانپوور، فارووق سڵێمانپوور، مەسعوود سڵێمانپوور و موحسێن سڵێمانی کە لە ڕێکەوتی ١٧ی ڕەزبەردا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراون، لە دەستبەسەرگەیەکی ئەمنیی شاری مەهاباددان و مۆڵەتی دیدار و پێوەندیگرتن لەگەڵ بنەماڵەشیان پێ نادرێت.
تا ئێستا لەسەر ئەو تۆمەتانەی ڕووبەڕووی ئەم هاووڵاتییانە کراوەتەوە، هیچ زانیارییەک بەردەست نەکەوتووە.