تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی كوردستان زانیاریی بەدەست هێناوە کە عوسمان ئیسماعیلی، چالاکی کرێکاریی کورد کە ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە ٢٨ی ڕەزبەر لە شاری سەقز لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو، دوای ڕاگەیاندنی تۆمەتەکان لە لقی ٢ی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و شۆڕشی سەقز، گواستراوەتەوە بۆ دەستبەسەرگەیەکی ئەمنی لە شاری سنە.

بنەماڵەی ئەم چالاکە کرێکارییە دەڵێن کە لە دانیشتنی ڕاگەیاندنی تۆمەتەکاندا، ناوبراو لەسەر بەشداریکردن لە ڕێوڕەسمی سەرەخۆشیی دایکی هاوڕێیەکی لێپرسینەوەی لێ کراوە.

عوسمان ئیسماعیلی لە چالاکانی ناسراوی کرێکارییە کە چەندەها جار لەبەر بەرگریکردن لە مافی کرێکاران لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و زیندانی کراوە. لە دوایین جاردا ئەو و چالاکی ناسراوی کرێکاریی کورد مەحمود ساڵحی، لە مانگی گوڵانی ئەمساڵدا دوای بانگهێشتکران بۆ دادگای سەقز دەستبەسەر کران.

لە سەرەتای مانگی جۆزەرداندا ئەم دوو چالاکە کرێکارییە لە لایەن لقی یەکەمی دادگای ئینقلابی سەقزەوە بە تۆمەتی «بانگەشەی دژ بە حکوومەت» لە ڕێگەی بەڕێوەبردنی ڕێوڕەسمی ڕۆژی جیهانیی کرێکارەوە، حوکمی ٣ مانگ و ٦ مانگ زیندانیان بەسەردا سەپابوو. بەڵام بە گەڕانەوە بۆ مادەی ٣٨ی یاسای سزادانی ئیسلامی، حوکمەکانیان گۆڕدرا بۆ ٢ میلیۆن و ٤ میلیۆن تمەن غەرامە.

ئەم دوو چالاکە کرێکارییە دواجار پاش ٢٥ ڕۆژ لە زیندانی سەقز ئازاد کران.