تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی كوردستان زانیاریی بەدەست هێناوە کە هاووڵاتییەکی کوردی خەڵکی تورکیا و ئەندامی پارتی دیمۆکراتیکی گەلان (HDP)، لقی شاری ئاگریی کوردستانی تورکیا، بە ناوی محەممەد بیرداڵ نزیکەی دوو مانگ لەمەوبەر لە لایەن دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە لە ئێران دەستبەسەر کراوە. ناوبراو لە ساتی دەستبەسەربوونەوە تا ئێستا مافی پێوەندیگرتن لەگەڵ بنەماڵە و داواکردنی پارێزەری لێ زەوت کراوە.

محەممەد بیرداڵ لە ڕێکەوتی ١ی خەرمانان و لە کاتی گەڕانەوەدا لە سەفەرێکی بازرگانی لە ئێران، لە دەروازەی سنووریی بازرگان لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا لە لایەن هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کراوە و گواستراوەتەوە بۆ دەستبەسەرگەی دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسداران لە ورمێ.

ناوبراو دوای کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکان لە ڕێکەوتی ٢٤ی ڕەزبەردا ڕەوانەی قەرەنتینەی زیندانی ناوەندیی ورمێ کراوە. دەوترێت تۆمەتی «ئەندامبوون لە پارتی کرێکارانی کوردستاندا» ڕووبەڕووی ئەم چالاکە سیاسییە کوردە کراوەتەوە.