ڕۆژی ٦ی گەڵاڕێزان زیندانییەک بە ناوی ئیرەج عەلیزادە دوای نزیک بە دوو حەفتە خەواندن لە نەخۆشخانەی ئیمام خومەینیی ورمێدا گیانی لەدەست دا. پێشتر پزیشکانی ئەم نەخۆشخانەیە ڕایانگەیاندبوو کە هۆکاری نالەباربوونی دۆخی تەندروستیی ئەم زیندانییە دەگەڕێتەوە بۆ کەمتەرخەمیی پزیشکی لە کاتی خەواندنیدا لە نەخۆشخانەی شاری خۆی.

کەسێکی نزیک لەم زیندانییە وێڕای پشتڕاستکردنەوەی ئەم هەواڵە بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وت: «ئیرەج عەلیزادە خاکەلێوەی ئەمساڵ لەبەر هەندێ تۆمەتی گشتی لە لایەن هێزە ئینتیزامییەکانەوە دەستبەسەر کرابوو و لە ناوەڕاستی مانگی ڕەزبەردا لەبەر ئەوەی نیشانەکانی تووشبوون بە کۆرۆنای پێوە دیار بوو، لە زیندانی خۆیەوە ڕەوانەی نەخۆشخانەیەکی ئەم شارە کرا و دوای دوو ڕۆژ لەبەر ناجێگیربوونی دۆخەکەی و ئەگەری تووشبوونی بە نەخۆشیی قارچکی ڕەش، گواسترایەوە بۆ نەخۆشخانەی ئیمام خومەینیی ورمێ».

بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، پزیشکانی نەخۆشخانەی ئیمام خومەینیی ورمێ هۆکاری گرژبوونەوەی دۆخی تەندروستیی ئەم زیندانییە دەگەڕێننەوە بۆ لێدانی دەرزییەکی هەڵە. لە ڕۆژانی ڕابردوودا نەشتەرگەریی بەتاڵکردنەوەی چاو بۆ ئیرەج عەلیزادە کرابوو و ڕۆژی ٦ی گەڵاڕێزان لە نەخۆشخانەی ئیمام خومەینیی ورمێ گیانی لەدەست دا.

ئەم سەرچاوەیە لە درێژەدا زیادی کرد: «ئەم زیندانییە بە درێژایی ئەم ماوەیە و سەرەڕای ناجێگیربوونی دۆخی جەستەیی و تەندروستی، بە کەلەبچە و پێبەندەوە و بە ئامادەبوونی چەند ئەندامێکی پارێزوانیی زیندان بە تەختێکەوە بەسترابوویەوە. تا ئێستا هۆکاری مردنەکەی بە فەرمی بە بنەماڵەکەی ڕانەگەیەنراوە و بڕیار بووە تەرمەکەی دوانیوەڕۆی هەمان ڕۆژ دوای پشکنین لە پزیشکیی دادەوە ڕادەستی بنەماڵەکەی بکرێتەوە».

ئیرەج عەلیزادە ٥٠ ساڵان و خەڵکی گوندی «واجواج»ی سەڵماس لە خاکەلێوەی ئەمساڵدا لە لایەن هێزە ئینتیزامییەکانەوە دەستبەسەر و ڕەوانەی زیندانی خۆی کرابوو.