تۆڕی مافه‌كانی مرۆڤی كوردستان زانیاریی بەدەست هێناوە کە سەرەڕای تێپەڕینی نزیکەی مانگێک بەسەر دەستبەسەرکردنی محەممەد خالیدی و ئه‌حمه‌د خالدی منداڵە ١٦ ساڵەکەی لە لایەن هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە لە گوندی «سەگریک»ی چاڵدێرانی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، هێشتا هیچ زانیارییەک لەسەر چارەنووس و بارودۆخیان بەردەست نەکەوتووە.

ئەم دوو هاووڵاتییە کوردە لە ناوەڕاستی مانگی ڕەزبەردا و دوابەدوای هێرشی هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسداران بۆ سەر گوندی سەگریک دەستبەسەر کران و گواسترانەوە بۆ شوێنێکی نادیار و لەو کاتەوە تا ئێستا مۆڵەتی دیدار و پێوەندیگرتن لەگەڵ بنەماڵەیان پێ نەدراوە.

دەوترێت چەند ساڵ لەمەوپێش کچی ئەم بنەماڵەیە چۆتە نێو ڕیزەکانی یەک لە حیزبە ئۆپۆزیسیۆنە کوردەکانەوە و لەو کاتەوە بە مەبەستی گەڕاندنەوەی ئەو کچە بەردەوام گوشار خراوەتە سەر ئەندامانی بنەماڵەکەی.