شاناز سادقیفەر پاش ئازادبوونی کاتی لە زیندانی ورمێ سەرلەنوێ دەستبەسەر کرایەوە
سەرچاوە: تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان — https://kurdistanhumanrights.org/ku/news-ku/prisoners-ku/2021/11/15/p23205
بەپێی ئەو زانیارییانەی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان بەدەستی هێناوە، شاناز سادقیفەر، چالاکی سیاسیی کورد کە خاکەلێوەی ئەمساڵ دوای نزیکەی ٢٠ مانگ دەستبەسەربوون بە دانانی بارمتەی ١٥٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی لە زیندانی ورمێ ئازاد کرابوو، ڕۆژی ڕابردوو ٢٣ی گەڵاڕێزان پاش بانگهێشتکران بۆ بنکەی هەواڵگریی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ، سەرلەنوێ دەستبەسەر کراوەتەوە و گواستراوەتەوە بۆ زیندان.
دەوترێت ئەو تاپۆیەی پێشتر وەک بارمتە بۆ ئازادبوونی کاتیی ناوبراو دانرابوو، لەسەر داوای خاوەن تاپۆکە هەڵگیراوەتەوە. دوابەدوای ئەمەش ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ شاناز سادقیفەری بانگهێشت کردووە بۆ بنکەی هەواڵگریی ئیتلاعات و پاش دەستبەسەرکردن دیسان ڕەوانەی بەندی ژنانی زیندانی ناوەندیی ورمێ کراوەتەوە.
گواستنەوەی دووبارەی شاناز سادقیفەر بۆ زیندان لە حاڵێکدایە کە ناوبراو لەن حەفتانەی ڕابردوودا لەبەر ئەوەی نیشامەکانی تووشبوون بە «قارچکی ڕەش»ی پێوە دیار بووە، لەژێر دەرماندا بووە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە دۆسیەی ئەم بەندکراوە سیاسییە پێشتر بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وتبوو: «شاناز سادقیفەڕ چەند ساڵێک لەمەوبەر لەگەڵ منداڵەکەیدا بە ناوی ئایناز زارع چووبوونە هەرێمی کوردستان و بۆ ماوەی چەند ساڵێک ببوونە ئەندامی پارتی ئازادیی کوردستان، بەڵام مانگی خەرمانان ساڵی ١٣٩٨دا و لەسەر داوای بنەماڵەکەی و دوای ئاگادارکردنەوەی دەزگای ئیتلاعاتی سپای ورمێدا گەڕانەوە بۆ ئێران.
بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، هێزەکانی پاسەوانی سنووری «سەیرانبەند»ی بانە دوای ئەوەی ئەم دوو کەسە هاتنە ناو ئێرانەوە یەکسەر دەستبەسەریان کردن، بەڵام دوای پرسیارکردن لە دهزگای ئیتلاعاتی سپای ورمێ ئازادیان کردن تاکوو خۆیان بەم ڕێکخراوە سەربازی و ئەمنیەتییە بناسێنن: «دوای ئەوەی چوونە لای دەزگای ئیتلاعاتی سپا، لێپرسەوەکان پێیان وتبوون سبەینێ وەرنەوە و دەتوانن شەو لای بنەماڵەکەیانا بن، بەڵام ڕۆژی دواتر و دوای ئەوەی چوونەوە بۆ لای دەزگای ئیتلاعاتی سپا، یەکسەر دەستبەسەر کران و بۆ دوو مانگ خرانە ژێر لێپرسینەوە»
ئەم سەرچاوەیە باسی گوشار و ئەشکەنجەی ڕۆحیی سەر ئەم ژنە و منداڵەکەی کرد و دەڵێت لێپرسەوە ئەمنیەتییەکان داوایان لێ کردبوو هاوکاریی سپای پاسداران بکات و بە زۆر دان بە هەندێ شتدا بنێت: «خانمی سادقی و منداڵە ١٧ ساڵەکەی واتە ئایناز زارع، بۆ نزیکەی دوو مانگ لە یەک ژووری تاکەکەسی و لە ژێر لێپرسینەوەی بەردەوامدا بوون و ئینجا گواسترانەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ».
كۆبوونهوهی دادگاییكردنی شاناز سادقیفهڕ له٣١ی پووشپەڕی ئهمساڵدا لە لقی ٢ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێ بە سەرۆکایەتیی دادوەر عەلی شێخلوو دادگایی کرا و دوو ڕۆژ دواتر لە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ پێی ڕاگەیەنرا کە بە تۆمەتی«چالاکیی دژی ئاسایشی نەتەوەیی لە ڕێگەی ئەندامێتییەوە لە پارتی ئازادیی کوردستاندا (پاک)» حوکمی ١٥ ساڵ زیندانیکردنی بۆ دەرچووە.
لە ڕەشەمەی ١٣٩٩دا حوکمە ١٥ ساڵەکەی ئەم زیندانییە سیاسییە لە دادگای پیاچوونەوەی ورمێدا کەم کرایەوە بۆ ٥ ساڵ و ڕۆژێک و دوای ڕازیبوونی دادوەر، تا پەسەندکرانی کۆتایی حوکمەکە بە دانانی بارمتەی ١٥٠ میلیۆن تمەنی لە زیندان ئازاد کرا ههروهها ئایناز زارعیش پێشتر و لهڕێكهوتی ٢٦ی گهڵاڕێزانی ١٣٩٩دا ئایناز زارع دوای تێپهڕاندنی ١٥ مانگ زیندان ئازاد كرابوو.
بابەتی پەیوەندیدار
-
زیندانیی سیاسیی کورد شاناز سادقیفەر لە زیندانی ورمێ ئازاد کرا
-
ورمێ؛ شاناز سادقیفهڕ به دانانی بارمته ئازاد كرا
-
ورمێ؛ ئایناز زارع نیشانەکانی کۆرۆنای هەیە و لە زیندانەوە گواستراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە
-
ورمێ؛ شاناز سادقیفەڕ و منداڵەکەی، ئایناز زارع، دیسان مانیان لە خواردن گرت
-
ورمێ؛ ناجێگیربوونی دۆخی شاناز سادقیفهڕ له حەفتەمین ڕۆژی مانگرتنهكهیدا
-
ڕاپۆرتێک لەسەر دۆخی بەندی ژنانی زیندانی ناوەندیی ورمێ