بەپێی ئەو زانیارییانەی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان بەدەستی هێناوە، ڕۆژی سێشەممە ١٨ی گەڵاڕێزان سمکۆ مەعرووفی، چالاکی فەرهەنگی و ئەندامی ئەنجومەنی ژینگەپارێزیی «وڵات»، بۆ جێبەجێکردنی حوکمی ساڵێک بەندکران ڕەوانەی زیندانی بۆکان کراوە.
ناوبراو لە مانگی گوڵانی ئەمساڵدا لە لایەن دادگای شۆڕشی بۆکانەوە بە تۆمەتی «بانگەشەی دژی حکوومەت» سزای ساڵێک زیندانی بەسەردا سەپا. ئەم چالاکە مەدەنییە لە ڕێکەوتی ١٨ی ڕەشەمەی ١٣٩٩دا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر و دوای مانگێک بە دانانی بارمتە ئازاد کرا.
سمکۆ مەعرووفی پێشتریش، لە ڕێکەوتی ٢٣ی ڕەزبەری ١٣٩٨دا، لەبەر بەشداریکردن لە گردبوونەوەی ناڕەزاییانەی کۆمەڵێک لە هاووڵاتییانی بۆکاندا کە دژ بە هێرشی ئەرتەشی تورکیا بۆ سەر شاری سەرێکانیی کوردستانی سووریا (ڕۆژئاوا) بەڕێوە چووبوو، لەگەڵ ژمارەیەک چالاکی مەدەنیی تری ئەم شارەدا دەستبەسەر کرابوو. ناوبراو پاشتر لە مانگی بەفرانباری ١٣٩٨دا لە لایەن لقی ١٠١ی دادگای کەیفەریی بۆکانەوە بە تۆمەتی «تێکدانی ئاسایشی گشتی» حوکمی ٢ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپا. ئەم چالاکە مەدەنییە لە ڕێکەوتی ١٤ی ڕێبەندانی ١٣٩٨دا بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکەی دەستبەسەر و ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی بۆکان کرا و لە مانگی بەفرانباری ١٣٩٩دا بەپێی یاسای ئازادیی مەرجدار لە زیندان ئازاد کرا.