لە درێژەی شەپۆلی نوێی دەستبەسەرکردنی هاووڵاتییان و چالاکانی کورددا، ڕۆژی یەکشەممە ١٤ی سەرماوەز سێ هاووڵاتیی تر بە ناوەکانی زانکۆ مەسعوودی، سەعدی مینبەری و سیامەک مینبەری خەڵکی گوندەکانی «ملقەڕنی»ی سەقز و «نیەر»ی سنە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کران و گواسترانەوە بۆ شوێنێکی نادیار.

بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، هێزە ئەمنییەکان هێرشیان کردۆتە سەر ئەم گوندانە و وێڕای پشکنینی ماڵی ژمارەیەک لە هاووڵاتییان، زانکۆ مەسعوودی، سەعدی مینبەری و سیامەک مینبەرییان دەستبەسەر کردووە. ئەم دەستبەسەرکردنانە بەبێ حوکمی یاسایی بووە و هیچ زانیارییەک لەسەر تۆمەتی ئەم هاوڵاتییانە بەردەست نەکەوتووە.

شەپۆلی نوێی دەستبەسەرکردنی هاووڵاتییان و چالاکانی کورد لە ڕۆژی پێنجشەممە ٢٠ی گەڵاڕێزانەوە دەستی پێ کردووە و تا ئێستا لانیکەم ٣٥ کەس لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعاتەووە لە شارەکانی بانە، سەقز، مەریوان و سنە دەستبەسەر کراون.

لەنێو دەستبەسەرکراوانی ئەم دواییەدا تەنها ٢ هاووڵاتیی خەڵکی گوندی «نێ»ی مەریوان بە ناوەکانی عەبدوڕەحمان ئەشتەک و عەبدوڕەحمان ئەفشار دوای سێ حەفتە دەستبەسەربوون لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریوان ڕەوانەی زیندانی ئەم شارە کراون و دەستبەسەرکراوانی تر هێشتا هەر لە دەستبەسەرگەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شارەکانی بانە، سەقز، سنە و مەریواندان و تا ئێستا مۆڵەتی دیداری بنەماڵە و دیاریکردنی پارێزەریان پێ نەدراوە.