تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان
یارمەتی

به‌ندكراوان

زیندانیی سیاسیی کورد حەبیب لەتیفی دوای ١٤ ساڵ زیندان مۆڵەتی پشووی پزیشکیی پێ درا

سەرچاوە: تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان — https://kurdistanhumanrights.org/ku/news-ku/prisoners-ku/2021/12/16/p11483

بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، حەبیب لەتیفی، زیندانیی سیاسیی کوردی مەحکووم بە زیندانی هەتاهەتایی، ڕۆژی ڕابردوو دوای ١٤ ساڵ زیندان بە دانانی بارمتە مۆڵەتی پشووی پزیشکیی پێ درا.

پێدانی مۆڵەتی پشووی کاتیی پزیشکی لە حاڵێکدایە کە لەم ساڵانەی دواییدا پارێزەر و بنەماڵەی حەبیب لەتیفی بە هۆی نەخۆشییەکانیەوە چەندین جار داوای مۆڵەتی پشووی کاتیی پزیشکییان بۆ کردبوو بەڵام هەمووجار دامەزراوە ئەمنییەکان و سەرچاوە دادوەرییەکان لەگەڵ ئەم داواکارییەدا دژایەتییان کردبوو.

دژایەتیکردن لەگەڵ مافی پشووی پزیشکیی ئەم زیندانییە سیاسییە لەم ساڵانەی دواییدا بۆتە هۆی قورستربوونەوەی نەخۆشییەکانی و پاش ناجێگیربوونی دۆخی تەندروستیی و بە هۆی بەدواداچوونە بەردەوامەکانی پارێزەر و بنەماڵەکەیەوە، دواجار دادگای شۆڕشی سنە پێدانی پشووی کاتیی بە ناوبراو قبووڵ کرد.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لە مانگی گوڵانی ١٣٩٩دا لە ڕاپۆرتێکدا سەبارەت بە دۆخی تەندروستیی حەبیب لەتیفی لە زیندانی سنە نووسیبووی: «دوابەدوای چەندین پشکنینی پزیشکی، پزیشکی ڕەسمیی زیندانی سنە بە ڕەسمی ڕایگەیاندووە کە حەبیب لەتیفی تووشی نەخۆشیی«سەندرۆمی ڕیخۆڵە و هەروەها کێشەی دەروونپزیشکیی خەمۆکی» بووە و بەو پێیە کە «ئەم نەخۆشییانە بە سەختی دەرمان دەکرێن و لە پێناو بەرگرتندا بە قورستربوونەوەی نەخۆشییەکان»، پێویستە لە شوێنێکی هێمن و دوور لە سترێسدا بێت».

حەبیب لەتیفی، چالاکی سیاسی و خوێندکاری ئەندازیاریی پیشەسازی، لە مانگی گەڵاڕێزانی ١٣٨٦دا لە سنە دەستبەسەر کرا و بە تۆمەتی «چالاکیی دژی ئاسایشی نەتەوەیی» حوکمی لەسێدارەدانی بەسەردا سەپا. لە ساڵانی ڕابردوودا چەندین جار کاتی جێبەجێکردنی حوکمەکەی بۆ دیاری کرا بەڵام پەرچەکرداری بنەماڵە، پارێزەر و هەروەها ناڕەزایەتیی خەڵکی سنە بووە هۆی ڕاگیرانی حوکمەکە. لە ڕێکەوتی ٥ی بەفرانباری ١٣٩٨دا هاووڵاتییانی سنە لە بەردەم زیندانی ئەم شارە کۆ بوونەوە و هەر ئەمەش بەری بەجێبەجێکردنی حوکمەکە گرت. دواجار و پاش ١٠ ساڵ بە هەوڵدانی بنەماڵە و پارێزەرەکەی، حوکمی لەسێدارەدانی حەبیب لەتیفی بە دەرەجەیەک دابەزینەوە گۆردرا بۆ زیندانی هەتاهەتایی.

تاگەکان