تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بەدەست هێناوە کە ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٥ی سەرماوەز، زیندانیی سیاسیی کورد ئەحمەد تەموویی لە پازدەهەمین ساڵی بەندبوونیدا لە زیندانی ناوەندیی ورمێ ئازاد کراوە. ئەم زیندانییە سیاسییە کوردە ١٤ ساڵ و ٢ مانگ لە حوکمە ١٥ ساڵەکەی تێپەڕاندبوو، ناوبراو بە درێژایی ئەم ماوەیە لە مافی پشووی کاتی و ئازادیی مەرجدار بێبەش کرابوو.
ئەحمەد تەموویی، چالاکی سیاسیی کوردی خەڵکی سەڵماس، لە ڕێکەوتی ٢ی گەڵاڕێزانی ١٣٨٦دا لە شاری مەهاباد لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانی شۆڕشی ئیسلامییەوە دەستبەسەر کرا و گواسترایەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سپای ورمێ.
ناوبراو لە نامەیەکی سەرئاوەڵادا کە ساڵی ١٣٩٥ بۆ ئەحمەد شەهید، ڕاپۆرتنووسی تایبەتی ئەودەمی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کاروباری مافی مرۆڤی ئێرانی نووسیبوو، ڕایگەیاندبوو کە ساڵی ٨٦ لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی سپای ورمێ بە تۆمەتی «ئەندامبوون لە پەژاکدا» بۆ ماوەی ٢ مانگ لەژێر ئەشکەنجەدا بووە. بە وتەی ئەم زیندانییە سیاسییە کوردە، لەم ماوەیەدا لە ڕێی «شۆکی ئەلێکتریکی»، «هەڵواسین»، «قامچیلێدان» و «لەسێدارەدانی ساختە»وە ئەشکەنجە دراوە.
ئەم زیندانییە سیاسییە دوای ٢ مانگ لێپرسینەوە لە دەستبەسەرگەی دەزگای ئیتلاعاتی سپای ورمێ، ڕەوانەی دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەهاباد کرا و بۆ ماوەی یەک مانگی تریش لەوێ خرایە ژێر لێپرسینەوە. ناوبراو دواجار پاش ٣ مانگ لێپرسینەوە گواسترایەوە بۆ زیندانی مەهاباد. ئەحمەد تەموویی لە ڕێبەندانی ١٣٨٦دا لە لایەن لقی ١ی دادگای شۆڕشی مەهابادەوە بە تۆمەتی «موحارەبە» حوکمی ١٥ ساڵ زیندان و دوورخستنەوە بۆ زیندانی ناوەندیی ورمێی بەسەردا سەپا. دوابەدوای ئەوەی حوکمەکەی بە شێوەی ڕەسمی لە زینداندا پێ ڕاگەیەنرا، هێزە ئەمنییەکان بە هەڕەشە پارێزەرەکەیان ناچار کرد دەست لە کار بکێشێتەوە. هەر بۆیە ئەم زیندانییە سیاسییە نەیتوانی تانە لە حوکمەکە بدات و حوکمی دادگای یەکەم قەتعی بوویەوە. ناوبراو هاوینی ١٣٨٧ دوای ناڕەزایی دەربڕین لە بەرامبەر هەڵسوکەتی دادگادا لە کاتی سەردانکردنی داواکاری گشتیی پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوادا و پەسەندکرانی حوکمەکەی، لە زیندانی مەهابادەوە دوور خرایەوە بۆ زیندانی ورمێ.
بەپێی وتەکانی ئەم زیندانییە سیاسییە لە نامە سەرئاوەڵاکەیدا، لە بەفرانباری ١٣٨٩ و لە کاتی جێبەجێکردنی حوکمی لەسێدارەدانی حسەین خزریدا، بەرپرسانی زیندانی ورمێ بە مەبەستی ترساندن و تۆقاندنی زیندانییان و ئەشکەنجەدانی دەروونییان، ئەو و ژمارەیەک لە زیندانییە سیاسییەکانیان بردۆتە ژووری تاکەکەسی. ئەحمەد تەموویی دوای لەسێدارەدانی حسیەن خزری وەک ناڕەزاییەک لە بەرامبەر ئەم هەڵسوکەوتەی بەرپرسانی زینداندا بۆ ماوەی ٢٠ ڕۆژ مانی لە خواردن گرت. ئەم زیندانییە سیاسییە لە ڕێکەوتی ٢٧ی ڕێبەندانی ١٣٨٩دا لە زیندانی ورمێوە گواسترایەوە بۆ دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارە و بۆ ماوەی ١ مانگ لە ژووری تاکەکەسیدا بە تۆمەتی «بانگەشەی دژی حکوومەت» و «پێوەندیگرتن لەگەڵ ڕاگەیاندنە بیانییەکاندا» خرایە ژێر لێپرسینەوە و ئەشکەنجەوە. ناوبراو هەروەها لە زستانی ساڵی ١٣٩٠دا جارێکی تر بەبێ هیچ هۆکارێک ڕەوانەی ژووری تاکەکەسیی زیندانی ورمێ کرایەوە و بۆ ماوەی ٢٥ ڕۆژ خرایەوە ژێر لێپرسینەوە.
ئەم زیندانییە سیاسییە لە ڕێکەوتی ٢٠ی ڕەزبەری ساڵی ١٣٩١دا جارێکی تر لە زیندانی ورمێوە برایەوە بۆ ئیدارەی ئیتلاعات و بۆ ماوەی ٢ مانگ بە تۆمەتی «بانگەشەی دژی حکوومەت» و «پێوەندیگرتن لەگەڵ ئەحمەد شەهید، ڕاپۆرتنووسی تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان»دا خرایە ژێر لێپرسینەوە و ئەشکەنجەوە. ناوبراو لە سەرماوەزی ١٣٩١دا بە دەستبەند و پێبەندەوە لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێوە دوور خرایەوە بۆ زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج و ماوەی ٧ مانگی بەبێ هیچ جۆرە پێوەندییەکی تەلەفۆنی و دیدارێکی حزووری لەگەڵ بنەماڵەکەیدا، لەم زیندانە تێپەڕاند. ئەم زیندانییە سیاسییە لە ڕێکەوتی ٢٦ی پووشپەڕی ١٣٩٢دا سەرلەنوێ گەڕێنرایەوە بۆ زیندانی ناوەندیی ورمێ.
ئەم زیندانییە سیاسییە بە درێژایی ئەم ساڵانە بە هۆی بەشداریکردنەوە لە مانگرتنی زیندانییانی سیاسی و مەزهەبیدا چەندین جار لە لایەن نووسینگەی تایبەتی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە لە زیندانی ورمێ هەڕەشە و لێپرسینەوەی لێ کرابوو.