تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بەدەست هێناوە کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا دوو هاووڵاتیی خەڵکی بۆکان بە ناوەکانی شێرکۆ ئەحمەدپووری و کەمال عەباسیوەند لە لایەن لقی ١٠١ی دادگای کەیفەریی بۆکانەوە بە تۆمەتی «چالاکیی دژی ئاسایشی نەتەوەیی» هەرکامەو حوکمی ٦ مانگ زیندانیان بەسەردا سەپاوە.
کەمال عەباسیوەند لە ڕێکەوتی ٣ی گەلاوێژ و شێرکۆ ئەحمەدپووری لە ڕێکەوتی ٣٠ی خەرماناندا لە لایەن هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە لە بۆکان دەستبەسەر کران، کەمال عەباسیوەند دوای دەستبەسەرکردن ڕەوانەی دەستبەسەرگەی دەزگای ئیتلاعاتی سپای ورمێ کرا و دوای ٣٥ ڕۆژ بە دانانی بارمتەی ٢٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی لە زیندان ئازاد کرا.
شێرکۆ ئەحمەدپوورییش دوای دەستبەسەرکردن گوازرایەوە بۆ دەزگای ئیتلاعاتی سپای بۆکان و دوای ڕۆژێک لێپرسینەوە بە دانانی بارمتە ئازاد کرا.