ڕۆژی یەکشەممە ١٢ی بەفرانبار حەوت هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی فەرهاد پزیشکی، کەریم فرووزش، وەفا پزیشکی، ئەحمەد پزیشکی، لوقمان پزیشکی، عوسمان محەممەدپوور و کامران پزیشکی کە لە ڕەوتی شەپۆلی ئەم دواییانەی دەستبەسەرکردنی هاووڵاتییان و چالاکانی کورددا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە گوندەکانی شاری بانەی پارێزگای کوردستان دەستبەسەر کرابوون، هەرکامەو بە دانانی بارمتەی ٢٠٠ میلیۆن تمەنی لە زیندانی ناوەندیی سنە ئازاد کراون.
تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بەدەست هێناوە کە ئەم ٧ هاووڵاتییە دوای ٥٠ ڕۆژ دەستبەسەربوون بە دانانی بارمتەی ٢٠٠ میلیۆن تمەنی لە زیندانی ناوەندیی سنە ئازاد کراون. ئەم کەسانە لە ڕۆژانی ڕابردوودا دوای کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکان لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە ڕەوانەی زیندانی ناوەندیی ئەم شارە کرابوون.
لە ڕەوتی شەپۆلی ئەم دواییانەی دەستبەسەرکردنی هاووڵاتییان و چالاکانی کورددا لە شارەکانی بانە، سەقز، مەریوان و سنە لانیکەم ٤٢ کەس دەستبەسەر کران کە تا ئێستا ١٤ کەسیان بە دانانی بارمتە ئازاد کراون.
بەپێی زانیارییەکانی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان هەنووکە لانیکەم ٣٠ هاووڵاتی و چالاکی کورد کە لە دوو مانگی ڕابردوودا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شارەکانی بانە، سەقز، مەریوان، کامێران و سنە دەستبەسەر کراون، لە دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە ڕاگیراون.