بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٩ی بەفرانبار، زیندانیی سیاسیی کورد حسەین کەمانگەر بە دانانی بارمتەی یەک میلیارد تمەنی بە شێوەی کاتی لە زیندانی ناوەندیی سنە ئازاد کرا. ئەم چالاکە کوردە لە بەفرانباری ١٣٩٧ و هاوکات لەگەڵ شەپۆلی بەربڵاوی دەستبەسەرکردنی بەکۆمەڵی چالاکانی مەدەنی و ئەندامانی لقی کوردستانی پارتی یەکێتیی نەتەوەییدا لە شارەکانی سنە، کامێران و مەریوان، دەستبەسەر کرابوو.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بەدەست هێناوە کە دوابەدوای هەڵوەشاندنەوەی حوکمی ١٥ ساڵ بەندکرانی حسەین کەمانگەر لە لقی ٣٩ی دیوانی باڵای ئێران، دۆسیەکە نێردرابووە بەردەم لقی هاوشێوەی دادگای یەکەم، دادگای دووبارەی ئەم زیندانییە سیاسییە لە ڕێکەوتی ٢١ی بەفرانباردا لە لقی ٢ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی سنە بە سەرۆکایەتیی دادوەر «شەرەفی» بەڕێوە چوو و دەرکردنی حوکمەکە دانراوە بۆ ڕۆژانی نزیکی داهاتوو.

ئەم دادگایە داواکاریی گۆڕینی بڕیاری دەستبەسەربوونی کاتیی حسەین کەمانگەری قبووڵ کردووە و ناوبراو بە دانانی بارمتەی یەک میلیارد تمەنی بە شێوەی کاتی لە زیندانی ناوەندیی سنە ئازاد کرا.

ئەم زیندانییە سیاسییە لە خاکەلێوەی ئەمساڵدا و دوای دوو ساڵ دەستبەسەربوونی کاتی، لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی سنەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر «سەعیدی» بە تۆمەتی «بەغی» لە ڕێگای ئەندامبوونەوە لە پارتی ژیانی ئازادی کوردستاندا (پەژاک) حوکمی ١٥ ساڵ زیندانی بەسەردا سەپا.

ناوبراو لە ڕێکەوتی ١٥ی بەفرانباری ١٣٩٧دا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شاری کامێران دەستبەسەر کرا و بۆ ماوەی چەندین مانگ مۆڵەتی پێوەندیگرتن و دیداری بنەماڵەی لێ زەوت کرا.

هەروەها لەم ماوەیەدا «نەسرین نەقدی» و «ناهید کەمانگەر»، هاوسەر و منداڵی ئەم چالاکە کوردە، چەندین جار لە لایەن ئیدارەی ئیتلاعاتی کامێرانەوە بانگهێشت کران و خرانە ژێر لێپرسینەوە.

حسەین کەمانگەر لە کۆتایی پووشپەڕی ١٣٩٧دا بۆ دەربڕینی ناڕەزایی لە ئاست نادیاربوونی چارەنووس و بێبەشکران لە پێوەندیگرتن لەگەڵ بنەماڵەکەیدا، بۆ ماوەی سێ حەفتە مانی لە خواردن گرت. ناوبراو دواجار لە ڕێکەوتی ١٧ی پووشپەڕدا توانیی لەگەڵ بنەماڵەکەی پێوەندیی تەلەفۆنی بگرێت و کۆتایی بە مانگرتنەکەی هێنا.