بەپێی ئەو زانیارییانەی کەوتۆتە دەست تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە ٧ی ڕێبەندان زیندانیی سیاسیی کورد شاناز سادقیفەر دوای ڕەزامەندیی لقی دووهەمی دادگای شۆڕشی ورمێ لەگەڵ داوکاریی ئازادیی مەرجداردا، لە زیندانی ناوەندیی ورمێ ئازاد کراوە.

ئەم زیندانییە سیاسییە لە ڕەشەمەی ١٣٩٩دا لە لایەن لقی دووهەمی دادگای شۆڕشی ورمێوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر عەلی شێخلوو بە تۆمەتی «ئەندامبوون لە پارتی ئازادیی کوردستاندا (پاک)» حوکمی ٥ ساڵ و ڕۆژێک زیندانی بەسەردا سەپابوو. ئەم زیندانییە سیاسییە لە خاکەلێوەی ئەمساڵدا دوای نزیکەی ٢٠ مانگ دەستبەسەربوون بە دانانی بارمتەی ١٥٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی لە زیندانی ورمێ ئازاد کرابوو، بەڵام لە ڕێکەوتی ٢٣ی گەڵاڕێزاندا پاش بانگهێشتکران بۆ بنکەی هەواڵگریی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ، سەرلەنوێ دەستبەسەر کرایەوە و گواسترایەوە بۆ زیندان.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە دۆسیەی ئەم بەندکراوە سیاسییە پێشتر بە تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستانی وتبوو: «شاناز سادقیفەڕ چەند ساڵێک لەمەوبەر لەگەڵ منداڵەکەیدا بە ناوی ئایناز زارع چووبوونە هەرێمی کوردستان و بۆ ماوەی چەند ساڵێک ببوونە ئەندامی پارتی ئازادیی کوردستان، بەڵام مانگی خەرمانان ساڵی ١٣٩٨دا و لەسەر داوای بنەماڵەکەی و دوای ئاگادارکردنەوەی دەزگای ئیتلاعاتی سپای ورمێدا گەڕانەوە بۆ ئێران.

بە وتەی ئەم سەرچاوەیە، هێزەکانی پاسەوانی سنووری «سەیرانبەند»ی بانە دوای ئەوەی ئەم دوو کەسە هاتنە ناو ئێرانەوە یەکسەر دەستبەسەریان کردن، بەڵام دوای پرسیارکردن لە ده‌زگای ئیتلاعاتی سپای ورمێ ئازادیان کردن تاکوو خۆیان بەم ڕێکخراوە سەربازی و ئەمنیەتییە بناسێنن: «دوای ئەوەی چوونە لای دەزگای ئیتلاعاتی سپا، لێپرسەوەکان پێیان وتبوون سبەینێ وەرنەوە و دەتوانن شەو لای بنەماڵەکەیانا بن، بەڵام ڕۆژی دواتر و دوای ئەوەی چوونەوە بۆ لای دەزگای ئیتلاعاتی سپا، یەکسەر دەستبەسەر کران و بۆ دوو مانگ خرانە ژێر لێپرسینەوە».

ئەم سەرچاوەیە باسی گوشار و ئەشکەنجەی ڕۆحیی سەر ئەم ژنە و منداڵەکەی کرد و دەڵێت لێپرسەوە ئەمنیەتییەکان داوایان لێ کردبوو هاوکاریی سپای پاسداران بکات و بە زۆر دان بە هەندێ شتدا بنێت: «خانمی سادقی و منداڵە ١٧ ساڵەکەی واتە ئایناز زارع، بۆ نزیکەی دوو مانگ لە یەک ژووری تاکەکەسی و لە ژێر لێپرسینەوەی بەردەوامدا بوون و ئینجا گواسترانەوە بۆ بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ».

كۆبوونه‌وه‌ی دادگاییكردنی شاناز سادقیفه‌ڕ له‌ ٣١ی پووشپەڕی ئه‌مساڵدا لە لقی ٢ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی ورمێ بە سەرۆکایەتیی دادوەر عەلی شێخلوو دادگایی کرا و دوو ڕۆژ دواتر لە بەندیخانەی ناوەندیی ورمێ پێی ڕاگەیەنرا کە بە تۆمەتی«چالاکیی دژی ئاسایشی نەتەوەیی لە ڕێگەی ئەندامێتییەوە لە پارتی ئازادیی کوردستاندا (پاک)» حوکمی ١٥ ساڵ زیندانیکردنی بۆ دەرچووە.

دیوانی باڵای ئێران ئەم حوکمەی لەبەر ناتەواوبوونی دۆسیەکە هەڵوەشاندەوە و سەرلەنوێ ناردیەوە بەردەم لقی دووهەمی دادگای شۆڕشی ورمێ. ئەم زیندانییە سیاسییە  لە ڕەشەمەی ١٣٩٩دا ئەم جارە حوکمی ٥ ساڵ و ڕۆژێک بەندکرانی بۆ دەرچوو و دوای ڕازیبوونی دادوەر، تا پەسەندکرانی کۆتایی حوکمەکە بە دانانی بارمتەی ١٥٠ میلیۆن تمەنی لە زیندان ئازاد کرا. هه‌روه‌ها ئایناز زارعیش پێشتر و له‌ ڕێكه‌وتی ٢٦ی گه‌ڵاڕێزانی ١٣٩٩دا دوای تێپه‌ڕاندنی ١٥ مانگ زیندان ئازاد كرابوو.