دوو هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی سەلاح بەهرامیان خەڵکی شنۆ و موراد مورادی خەڵکی پیرانشار بۆ جێبەجێکردنی حوکمی بەندکران ڕەوانەی زیندانەکانی نەغەدە و شنۆ کران.

تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان زانیاریی بەدەست هێناوە کە ئەمڕۆ چوارشەممە ١٣ی ڕێبەندان، سەلاح بەهرامیان دوای بانگهێشتکران بۆ ئیجرای ئەحکامی دادگوستەریی شنۆ دەستبەسەر کراوە و بە مەبەستی جێبەجێکردنی حوکمی ٢ ساڵ بەندکران ڕەانەی زیندانی ئەم شارە کراوە.

ئەم هاووڵاتییەی خەڵکی گوندی «گەندۆیلا»ی شنۆ لە ڕێکەوتی ٢٢ی خاکەلێوەی ئەمساڵدا لە لایەن هێزەکانی دەزگای ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە دەستبەسەر کرا و دوای مانگێک بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کرا. ناوبراو لە مانگی گەلاوێژدا لە لایەن دادگای شۆڕشی ئەم شارەوە بە تۆمەتی «چالاکی دژ بە ئاسایشی نەتەوەیی» لەڕێی ئەندامبوونەوە لە حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێراندا حوکمی ٢ ساڵ بەندکرانی بەسەردا سەپا.

هەروەها هاووڵاتییەکی خەڵکی پیرانشار بە ناوی موراد مورادی لە ڕێکەوتی ١٠ی ڕێبەنداندا بە مەبەستی جێبەجێکردنی حوکمی ٢٦ مانگ و ١٥ ڕۆژ بەندکران دەستبەسەر کراوە و گواستراوەتەوە بۆ زیندانی ئەم شارە.

ناوبراو لە ڕێکەوتی ٢٥ی پووشپەڕی ١٣٩٩دا لە سێ ڕیانی جڵدیانی پیرانشار لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا و دوای ٢٠ ڕۆژ بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کرا. ئەم هاووڵاتییە لە پاییزی ئەمساڵدا لە لایەن لە لایەن دادگای شۆڕشی ئەم شارەوە بە تۆمەتی «چالاکی دژ بە ئاسایشی نەتەوەیی» لەڕێی ئەندامبوونەوە لە حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێراندا حوکمی ٣ ساڵ و ٦ مانگ و ڕۆژێک بەندکرانی بەسەردا سەپا. ئەم حوکمە دوای قبووڵکران لە لایەن ئەم هاووڵاتییەوە و بەپێی یاسا، گۆڕدرا بۆ ٢٦ مانگ و ١٥ ڕۆژ بەندکران.