لە مەهاباد حوکمی ٨ ساڵ دوورخستنەوەی ئازاد بۆ شاری هەرسینی ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات بەسەر زیندانییەکی سیاسیی کورددا سەپا
سەرچاوە: تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان — https://kurdistanhumanrights.org/ku/news-ku/prisoners-ku/2022/02/09/p11705
لە ڕۆژانی ڕابردوودا سەیدمحەممەد حسەینی، زیندانیی سیاسیی کورد کە ئێستە لە زیندانی نەغەدەیە، لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی مەهابادەوە بە تۆمەتی «موحارەبە» لە ڕێگای ئەندامبوونەوە لە حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێراندا، حوکمی ٨ ساڵ دوورخستنەوەی ئازاد بۆ شاری هەرسینی ئازەربایجانی ڕۆژهەڵاتی بەسەردا سەپاوە. ئەم زیندانییە سیاسییە پێشتر هەر بەم تۆمەتە حوکمی ٤٠ ساڵ بەندکران و دوورخستنەوە بۆ زیندانی ناوەندیی ورمێی بۆ دەر چووبوو کە دوای تانەلێدانی پارێزەرەکەی لە دیوانی باڵای ئێراندا هەڵوەشایەوە.
تۆڕی مافهكانی مرۆڤی كوردستان زانیاریی بهدهست هێناوه كه ڕۆژی دووشەممە ١٨ی ڕێبەندان ئەم حوکمە بە شێوەی فەرمی لە زیندانی نەغەدە بە سەیدمحەممەد حسەینی ڕاگەیەنراوە و لە ڕۆژانی داهاتوودا بۆ جێبەجێکردنی حوکمەکە ئازاد دەکرێت و دوور دەخرێتەوە بۆ شاری هەرسین.
دادگای ئەم زیندانییە سیاسییە چەند حەفتە لەمەوپێش لە لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی مەهاباد بەڕێوە چووبوو.
سەیدمحەممەد حسەینی کە خەڵکی نەغەدەیە، ساڵی ١٣٩٦ دوای جیابوونەوە لە حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێران بە وەرگرتنی «ئەماننامە» لە سپای پاسداران، هەرێمی کوردستانی بەجێ هێشت و گەڕایەوە بۆ ئێران، بەڵام دوای چەند مانگ لە ڕێکەوتی ١٩ی بەفرانباری هەمان ساڵدا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کرا.
ناوبراو لە مانگی جۆزەردانی ئەمساڵدا لە لایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی مەهابادەوە بە تۆمەتی «موحارەبە» لە ڕێگای ئەندامبوونەوە لە حیزبی دیمۆکراتی کوردستانی ئێراندا حوکمی ٤٠ ساڵ بەندکران و دوورخستنەوە بۆ زیندانی ناوەندیی ورمێی بۆ دەر چووبوو. دوای تانەدانی ئەم زیندانییە سیاسییە لە حوکمەکە لە مانگی سەرماوەزی ئەمساڵدا دیوانی باڵای ئێران لەبەر ناتەواوبوونی دۆسیەکە ئەم حوکمەی هەڵوەشاندەوە و سەرلەنوێ گەڕاندیەوە بۆلقی یەکەمی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی مەهاباد.
بابەتی پەیوەندیدار
-
ئازادبوونی زیندانیی سیاسیی کورد محەممەد حسەینی لە زیندانی نەغەدە بە بارمتەی قورس
-
دیاریکردنی بارمتەی ٨ میلیارد تمەنی بۆ ئازادکردنی کاتیی زیندانییەکی سیاسیی کورد لە مەهاباد
-
دوو هاووڵاتی بۆ جێبەجێکردنی حوکمی بەندکران ڕەوانەی زیندان کران
-
بەردەوامیی دەستبەسەربوونی ئالان حیکمەتیڕاد، مامۆستای زمانی ئینگلیزی، لە زیندانی نەغەدە
-
لە پیرانشار سێ هاووڵاتی بۆ جێبەجێکردنی حوکمی بەندکران ڕەوانەی زیندان کران
-
قەدەغەکردنی دیداری زیندانییان بە دەستووری سەرۆکی تازەی زیندانی نەغەدە